کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە لە نێوان بەرژەوەندیی ئێران و ئەمریکادا

10:27 - 2 خەزەڵوەر 2723

سمایل شەرەفی

وێدەچێ بیرۆکەی هێرشی زەمینیی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە خێرایی هەڕەشەی بەرپرسانی ئیسرائیلی لە یەکەم ڕوژەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبر نەچێتە پێش. بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئیسرائیل کە لەلایەن حەماسەوە هێرشێکی خوێناوی کرابووە سەر خەڵکی وڵاتەکەیان لەو فەزایەدا هاوکات لەگەڵ وڵامدانەوەیەکی توندی سەربازی بە حەماس، ناچاربوون لە فازی هەڕەشە و تۆڵەکردنەوەدا قسە لە پلانەکانیان بکەن و ناتانیاهۆ دەستبەجێ بە مەرامی هێرش بۆ سەر غەززە داوای چۆڵکردنی کرد. بەڵام وردەوردە کۆمەڵێک فاکتەری وەک؛ چارەنووسی دیلەکانی بەردەستی حەماس، هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی و عەرەبی و ناکۆکییە نێوخۆییەکانی دەوڵەت ناتانیاهۆ لەگەڵ ئەرتەش و بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی بیروڕای گشتیی خەڵکی ناوچەکە و جیهان لەسەر شەڕەکە و بێگومان کۆمەڵێک هۆکاری دیکەی تا ئێستا باس نەکراو، ئەولەویەتی بیرۆکەی هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززەیان کەمڕەنگ کردەوە.

ئێستا بەرپرسانی ئیسرائیلی لەگەڵ دواخستنی ڕۆژی دەستپێکی هێرشەکەیان بۆ سەر غەززە بە بیانووی جۆراوجۆر، باس لەوە دەکەن کە ئەم شەڕە سێ مانگ دەخایەنێ. ئیسرائیلییەکان بە خەڵک و دەوڵەتەوە چارەنووسی دیلەکانیان بۆ گرینگە، بەتایبەت کە زۆرێک لە دیلەکانی بەردەستی حەماس هەر بەتەنیا ئیسرائیلی نین و خەڵکی نزیک بە ٣٠ نەتەوەی دیکەیان تێدایە. لەوە گرینگتر شوێنی ڕاگرتنی دیلەکانە کە وەک تا ئێستا باس دەکرێ، ئەگەری زۆرە دیلەکان لە تونێل و داڵانە قووڵ و درێژەکانی حەماس لە غەززە ڕاگیرابێتن کە لە ئەگەری هێرش بۆ سەر غەززە چارەنووسیان بەتەواوەتی دەکەوێتە مەترسییەوە و ئەمەش بۆ ئیسرائیلییەکان زۆر گران تەواو دەبێت.

کێشە نێوخۆییەکانی ئیسرائیل وەک فاکتەرێکی دیکەی شوێندانەر لەسەر بڕیارەکانی ئەم دەوڵەتە تا دێ زیاتر خۆی دەردەخات. لە ڕۆژانی سەرەتای شەڕەکەوە وا هەست پێدەکرا کە ناتانیاهۆ دەتوانێ بە پێکهێنانی کابینەی هاوبەش لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزیسیۆن، تا ڕادەیەک وڵاتەکەی بەرانبەر بەو دۆخە یەکگرتوو نیشان بدات، کەچی وا دەرنەچوو. ئەرتەش و بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لە هەڵوێست و سیاسەتەکانی ناتانیاهۆ ڕازی نین و ناوبرا  لاواز و بەسەرچاوەی کێشەکان دەزانن و پێناچێ ئەم کابینە ئێئتلافییە زۆر دەوام بێنێ.

ئەمریکا و دەوڵەتی بایدن وەک هەمیشە پشتیوانی لە ئیسرائیل و پاراستنی لە هەر هەڕەشەیەک بە ئەرکی خۆیان دەزانن و لەم پێوەندییەش‌دا وێڕای پاراستنی مافی بەرگری لەخۆ، بەڵێنیی هەموو هاوکارییەکیان داوە. بەڵام نابێ ئەوە بە مانای دەست‌ئاوەڵا هێشتنەوەی ئیسرائیل بۆ بەڕێوەبردنی هەر جووڵەیەکی سەربازی لەلایەن ئەمریکاوە لێک بدرێتەوە. لەم پێوەندییەدا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و پاراستنی پێگە سەربازییەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە فاکتەرن بۆ جۆری ڕەفتاری ئەم وڵاتە بەرانبەر بە جووڵەکانی ئیسرائیل. لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێک لە پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریە  هێرشی درۆنییان کراوەتە سەر و وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ئەگەری هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەو هێرشانە بۆ سەر سەربازانی وڵاتەکەی لە ناوچەکە پەرە بستێنن. ئەم چالشانە ئەمریکا ناچار بە هێورکردنەوەی وەزعەکە دەکەن تا ئەو کاتەی بتوانێ یا بە هێمنی کۆنتڕۆڵیان بکات و یان بە فشار لە خۆیانی دوور بخاتەوە.

ئێران لایەنێکی بەرچاو و کاریگەری ئەم شەڕ و ئاڵۆزییانەیە؛ دوای هەڕەشەی بەرپرسانی ئیسرائیلی بۆ هێرشی زەمینی بۆسەر غەززە و کۆتاییهێنان بە حەماس، خامنەیی هاتە سەر خەت و ئەویش بە هەڕەشەوە وتی؛ "ئەگەر ئیسرائیل وەها کارێک بکات، بەرەی مقاومەت دێتە جواب و کەس ناتوانێ پێشیان بگرێ". بە دوای ئەم قسانەی خامنەیی‌دا هەر لە وەزیری دەرەوە و فەرماندەی سپای پاسدارانەوە بگرە تا دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی کەوتنە خەت و نیشان کێشان بۆ ئیسرائیل و هاندانی لایەنە نیابەتییەکانی "بەرەی مقاومەت". بەدوای ئەودا و بەرانبەر بە هێرشێکی گوماناوی بۆ سەر نەخۆشخانەیەک لە غەززە، خۆپێشاندانەکان لە وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژاوا دژ بە ئیسرائیل دەستی پێکرد.

هەموو دنیا بە بەرپرسانی ئەمریکاشەوە کە لە ڕۆژانی یەکەمی شەڕ دەیانگوت "هیچ بەڵگەیەکیان بەدەستەوە نییە کە ئێران دەستی لە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل‌‌دا هەبووبێت"، دەزانن کە ئێران نەتەنیا دنەدەری حەماس بۆ هێرشکردنەسەر ئیسرائیلە، بەڵکوو لە ئاستی ناوچەکەدا ڕۆڵی شەڕەنگێزانەی هەیە. وتەبێژی کۆشکی سپی لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی درۆنی بۆسەر پێگە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و سووریە وتی؛ "ئێران بە بەرپرسی ئەم هێرشانە دەزانین".

کەواتە کردەییکردنی بڕیاری هێرشی زەمینی بۆسەر غەززە دەبێ لە چوارچێوەی بازنەیەکی گەورەتردا خوێندنەوەی بۆ بکرێ کە ئەگەر ئیزنی جێبەجێکردنی بدرێت، هیچ گومانی تێدا نییە شەڕێکی ناوچەیی دێتە ئاراوە کە لەوەها حاڵەتێک‌دا نە ئەمریکا و ڕۆژاوا بەگشتی دەتوانێ بەرانبەر بە ئێران هێندە موحافزەکارانە هەڵوێست بگرن و نە ئێران دەتوانێ وەک ئەوەی لە "نێوەشەڕ"دا بۆی دەلوێ، لەشەڕی تەواودا ئاوای بۆ ناچێتە سەر.