کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل و، کۆماری ئیسلامی ئێران

09:52 - 17 رەزبەر 2723

سمایل شەرەفی


سێ ڕۆژ پێش لە پەلاماری سەربازیی حەماس بۆ سەر ئیسراییل، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی تایبەت بە حەوتووی "وەحدەتی ئیسلامی" و ڕوو بە نوێنەران و ڕێبەرانی وڵاتانی ئیسلامی، باسی لە "مەرگی ئیسراییل" کرد و بێ‌ئەوەی ئاماژە بە هەوڵی دوو لایەنەی عەرەبستان و ئیسراییل بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانیان بکات، وتی؛ "ئەوانەی قومار لەسەر ئەسپی تۆپیو دەکەن، دەدۆڕێن". ئەمە ئادرەسێکی ئاشکرا و حاشاهەڵنەگرە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی فەرماندەری ڕاستەوخۆی ئەم شەڕە نەبێت، هیچ گومانی تێدانیە کە دنەدەری پەلامارەکەیە. هەم کاربەدەستانی ڕێژیم و هەم بەرپرسانی حەماسیش ڕاشکاوانە و بەشانازیشەوە باس لەم پێوەندی و پشتیوانییەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن.
ئامانجی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان فەلەستین و ئیسراییل لە کۆنەوە تا ئێستا هەرچی بووبێ، گومانی تێدانیە کە نەتەنیا هیچ پێوەندییەکی بە مافی فەلەستیینییەکان و ئاشتیی نێوان گەلانی ئەم دوو خاکەوە نەبووە، بەڵکوو تێکدانی ڕەوتی ئاشتەوایی، پەرەپێدان بە گرژی و ئاڵۆزی و هاندانی تاقم و گرووپە توندڕەوەکان و بەگشتی لەباربردنی پرسی دیالۆگ و ئاشتیی نێوان گەلان، ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕێژیمە بووە بۆ مەرامێکی پاوانخوازانەی ئیدئۆلۆژیک.
کۆماری ئیسلامی بەکەڵک وەرگرتن لە هەست و باوەڕی مەزهەبی لەناوچەکە و لە چوارچێوەی پڕۆژەی "صدور انقلاب"دا توانیویەتی کۆمەڵێک کارت و دەرفەتی ئەمنیەتی دەستەبەر بکات و هەر جارەو بۆ مەرامێکی تایبەتی بیانجووڵێنێ.
 هەر لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا کە تەوایەتی ئەم نیزامەی بردە ژێر پرسیار و مەترسییەوە، کۆمەڵێک ڕووداوی سیاسی دیکەی وەک؛ ناکۆکیی نێوان کابوڵ و تاران لەسەر ئاوی هیرمەند، کێشەی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان و وەک ئاماژەی پێکرا، نزیکبوونەوەی عەرەبستان و ئیسراییل، بەتەواوەتی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییان نیگەران کرد و وەک چەندین جار خۆیان ئاماژەیان پێکرد، پێیان وابوو بەشێک لەم ڕووداوانە تەڵەی خستنەداوی شەڕە کە بۆ ئێران نراوەتەوە. بۆیە هەم بەرانبەر بە هەڕەشە و گوڕەشەکانی تاڵبان، نەرمییان لەخۆ نیشان‌دا و هەم بەنیسبەت مەسەلەی ئازەربایجان و ئەرمەنستانەوە – وێڕای مانۆڕێکی گاڵتەجارانەی سەربازی – لە کۆتایی‌دا بێ‌لایەنیی خۆی ڕاگەیاند و قەناعەتی بە "دەربڕینی نیگەرانیی لە ئالۆگۆڕی ژێئۆپلۆتیکی ناوچەکە" هێنا.
بۆ دەربازبوون لەم قەیران و مەترسییانە و ئاراستەکردنی بیروڕای ناوچەیی و جیهانی، وەک خامنەیی پێشتر باسی لێوەکردبوو و میدیاکانی ڕێژیمیش چەند ڕۆژێک بوو بە چڕی سەرنجیان خستبووەسەر، کۆماری ئیسلامی کارتی  ئاڵۆزیینانەوەی نێوان فەلەستین و ئیسراییلی جوڵاند و حەماس لە نیوەشەوی ڕۆژی شەممەی ڕابردوودا، لە ماوەی ٢٠ دەقیقەدا ٥٠٠٠ موشەکی بە ئیسراییلەوە ناو و شەڕێکی خوێناویی دیکە دەستیپێکرد کە تا ئێستا درێژەی هەیە و پێدەچێ جارێ بەمزوانە کۆتایی پێنەیەت.
وەک شارەزایانی سەربازی باسی دەکەن و خودی ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرایلیش ڕایگەیاند، ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی "عەمەلیاتی بڵاو" و کاتی چوونەتەدەر و ئەوەی ئێستا لە ئارادایە شەڕێکی تەواو عەیارە کە ئیسرایلییەکان هۆکارەکەی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەگەڕێننەوە و ڕاشیانگەیاندووە کە ئێران بێ‌وڵام ناهێڵنەوە.
ئەوەیکە کۆتایی ئەم شەڕە لە نیوان حەماس و ئیسراییل و فەلەستینییەکان‌دا چی لێ‌دەکەوێتەوە کە بێگومان گەلی فەلەستین لە ئارەزووی دێرینەیان کە سەربەخۆیی وڵاتەکەیانە زۆر دوور دەخاتەوە شتێکە و، ئەوەیکە چی بۆ وڵاتی ئێران و خەڵکی ئەم وڵاتەی لێ دەکەوێتەوە باسێکی دیکەیە.
تا ئێستایشی لەگەڵ بێت، بە پێی دانپێدانانی خودی بەرپرسانی سازمانی جیهادی ئیسلامی (حەماس) ٧٠٪ی هەزینە سەربازییەکانی ئەم گرووپە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دابین دەکرێ. ئەمە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێرانە کە خۆیان لەوپەڕی هەژاری‌دا دەژین و قەیرانی ئابووری ئەم وڵاتەی بەرەو داڕمان و خەڵکەکەی تووشی چارەنووسێکی نادیار کردوە. لەهەر ئەگەرێکی شەڕئەنگێزانەدا خەڵکی ئەم وڵاتە تووشیان بە شەڕێکەوە دەبێت کە نەتەنیا شەڕی ئەوان نیە، بەڵکوو لەلایەن کەسانێکەوە بۆیان ساز کراوە کە خۆیان(خەڵک) زیاتر لە چل ساڵە لە دژی خۆیان و ڕێژیمەکەیان خەبات دەکەن.
کۆماری ئیسلامی لەم یەک دوو ڕۆژەدا بە سازکردنی هێندێک شانۆ و سناریۆی درۆین دەیهەوێ وانیشان بدات کە خەڵکی ئێران بە هێرشکردنە سەر ئیسراییل خۆشحاڵن و لایەنگیری لە حەماس دەکەن و بەجۆرێک دەیهەوێ پاساوی سیاسەت و هەڵوێستەکانی خۆی وا بداتەوە کە ئەوەی دەیکات لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵک‌دا دەکات و خەڵک پێی ڕازییە. بەڵام لە ڕاستی‌دا پێچەوانەی ئەو بەرداشت و سناریۆ درۆیینانە ڕاستیی مەسەلەکەیە. هیچ گومانی تێدانیە کە گەلانی ئێران لەمێژە بە بەرزکردنەوە درووشمی "نەغەزە، نەلوبنان" هەڵوێستی خۆیان لەم بارەوە ڕوون و ئاشکرا دەربڕیوە. بە پێچەوانەی سیاسەتی شەڕەنگێزانەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە مانەوەی خۆیان و ڕێژیمەکەیان لەشەڕ و قەیرانخوڵقێنی و ئاژاوە و دەستێوەردان لە وڵاتان و بەگژیەکداکردنی گەلان‌دا دەبینن، گەلانی ئازادیخواز و مافویستی ئێران نەتەنیا ئارەزووی دوژمنایەتی هیچ گەل و وڵاتێک بەئاوات ناخوازن، بەڵکوو زیاتر لە ٤٠ ساڵە دژ بەم تێفکرینە شەڕانگێز و مەترسیدارە کە لە وجوودی کۆماری ئیسلامی‌دا خۆی وێنا کردوە، خەبات دەکەن.