کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیسێی قورسی شۆڕشی ژینا لەسەر "تۆپانەکەی" ئێران

11:14 - 21 رێبەندان 2723

عەلی بداغی

دۆڕانی تیمی تۆپانەی ئێران لە یارییەکانی جامی وڵاتانی ئاسیا بە قەتەر و دەربڕینی شادی و خۆشحاڵیی بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێران، جارێکی دیکەش یاریی تۆپانەی کردەوە بە گۆڕەپانی خەباتی کۆمەڵانی خەڵک دژبە کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەبنەوە و هەروەها ئەو ڕوانگە و بۆچوونانەی دەیانبینین و دەیانبیستین، خەڵکێکی زۆر بە دۆڕانی تیمی تۆپانەی ئێران دڵخۆشن و ڕووداوەکانی شۆڕشی ژینا وەک قەقنەس و ژیلەمۆ زیندوو بوونەوە و گەشانەوەتەوە. هەروەک چۆن بە هەزاران کەس ئەو دۆڕانەیان پێشکێش بە "مێهران سەماک" کرد، یاریزانێکی تازەلاوی شاری بەندەرئەنزەلی کە دوای خۆشحاڵی‌دەربڕین بە دۆڕانی تیمی ئێران بە تیمی ئەمریکا لە یارییەکانی جامی جیهانیی پارەکە لە سەرماوەز و لە گەرمەی شۆڕشی ژینادا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لێ ئەستێندرا. یان تەنانەت لە دوایین دەرفەتی تیمی تۆپانەی ئێران کە تۆپەکە بەر دیرەکی دەروازەی قەتەر کەوت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وایراڵ کرا کە ئەو دیرەکە مێهرانی سەماک بوو.

ئەم شادی و پێخوشبوونە لە سەر شەقامەکان لە هەموو ئێران بەدی کرا. لە بەندەری ئەنزەلی، شارەکەی مێهران خەڵک بە هۆڕن‌لێدانی ماشێن، لە بووشێهر بە لێدانی ئاواز و مۆسیقیی ناوچەیی، لە شارەکانی کوردستان بە شایی و گۆڤەند و بەگشتی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بە بڵاوکردنەوەی نوقڵ و شیرینی بە نێو یەکتریدا و بەرزکردنەوەی دروشمی دەسەڵات و لە تەواوەتیی خۆیدا بە ڕەفتاری سیاسیی خۆیان پێشانیان دا تیمێک کە لە بەرەی خەڵکدا نەبێت و دڵی بۆ خەڵک و خەم و ئازارەکانیان لێ نەدات؛ نەک هیچ جێیەکی لە دڵی خەڵکدا نییە، بگرە بە دۆڕانەکەی شاد و دڵخۆش دەبن.

دیاردەی خۆشحاڵی‌دەربڕین بە دۆڕانەکانی تیمە وەرزشییەکانی ئێران لە کێبرکێ جیهانییەکاندا لە ڕەوتی سەرهەڵدانەکەی شۆڕشی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی) و بە یارییەکانی جامی جیهانیی ٢٠٢٢ی قەتەر دەستی پێ کرد، کاتێک کە دوای هەردوو دۆڕانەکەی ئێران بە تیمەکانی ئینگلیس و ئەمریکا کە ماوەی چوار دەیەیە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە شەیتانی گەورە و بچووک ناو دەبرێن، خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان و بە هەڵگرتنی ئاڵاکانی ئەم دوو وڵاتە پێخۆشبوونی خۆیان بە دۆڕانی تیمی وڵاتەکەیان بەوان ڕاگەیاند. ئەوکات کۆمەڵناسەکانی ئێران وایان شرۆڤە دەکرد کە بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادییەوە ئەتمۆسفێری کۆمەڵایەتیی ئێران تووشی ژانێکی گەورە بووە و هۆکارەکەی بۆ دۆخی نێوخۆیی ئێران و پێوەندییەکانی نێوان خەڵک و دەسەڵات دەگەڕێتەوە. وەک بینیمان ئەم ڕەفتارە بە درێژایی ساڵی ڕابردووش درێژەی بوو و لە دۆڕانی تیمی تۆپانەی ئێران بە قەتەر لە یارییەکانی جامی وڵاتانی ئاسیادا لە ئاستێکی بەرفراواندا خۆی دەرخستەوە. پرسیار ئەوەیە کە ئەم دیاردەیە هۆکارەکانی چین و لە چییەوە سەرچاوە دەگرن؟ پەیامەکانی ئەم ئەکتە چین و چۆن دەکرێ وەک دەسمایەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی سەرانسەری لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرفراوانتر بکرێتەوە؟

هەمووان دەزانن کە لە ئێراندا وەرزش وەک ئامرازێکی سیاسی-ئەمنیەتی لە پاوان و هەروەها لە خزمەتی دەسەڵاتی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دایە. هەمووان دەزانن کە ڕێژیم لە وەرزش، بەتایبەت یاریی تۆپانە کە زۆرترین لایەنگری لە ئێراندا هەیە زیاترین کەلکی سیاسی و کەڵکاژۆی حکوومەتی بۆ بەلاڕێدابردنی سەرنج و بیروڕای گشتیی خەڵک لە دیاردە و قەیرانە نێوخۆییەکان وەردەگرێت. هەمووان دەزانن کە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە بەرزترین ئاستدا دەستێوەردان لە وەرزش، تەنانەت لە چنینی کاراکتەرە وەرزشییەکانی ئێراندا دەکەن، وەک چۆن وریا غەفووری، عەلی کەریمی و عەلی داییەکان لەسۆنگەی هەڵوێستەکانیان و مانەوەیان لە بەرەی خەڵکدا جێگەیان پێ لێژ دەکرێ، بەڵام مەیدان بۆ کەسانێک ئاوەڵا دەکرێت کە لە بەرەی ڕێژیم‌دان و لەپێناو وەرگرتنی سکەیەکی زێڕ لە بەرانبەر ڕەئیسی، سەرکۆماری ڕێژیمدا هەتا نێوقەد دەچەمێنەوە.

نموونەی کەلک‌وەرگرتنی حکوومەتە دیکتاتۆرەکان لە وەرزش و تۆپانە بە مەبەستی ڕاکێشانی پشتیوانیی خەڵکی وڵات لە دەسەڵاتەکەیان و، بەلاڕیدابردنی بیروڕای سەرنج و بیروڕای گشتی لە کەلێن و قەیرانەکانی نێوخۆ، و ئاسایی‌پێشاندانی دۆخی سیاسی-کۆمەڵایەتیی وڵات و تەنانەت سواربوون لەسەر شەپۆلی ڕەگەزپەرستی لە مێژوودا کەم نین، بەڵام ئەو دۆخە قەت نەیتوانیوە دەسکەوتێکی ئەوتۆیان پێ ببەخشێت. وەک سیاسەتی حکوومەتی فاشیستیی موسولینی لە تۆپانە لە جامی جیهانیی ١٩٣٤ی ئیتالیا، یان بەکارهێنانی تۆپانە لە جامی جیهانیی ١٩٧٨ی ئاڕژانتین وەک هەوڵێک لەلایەن ژێنەڕاڵ خۆرخە ویدلا دیکتاتۆری ئەو وڵاتەوە بۆ ئاساییکردنی دۆخی نێوخۆیی وڵات و زاڵبوون بەسەر ناڕەزایەتییە گشتییەکاندا؛ کە دیارە هەمووان دەزانن نەک دەسکەوت، بەڵکوو تەنیا شکست و هەرەسهێنانی خۆیان و دەسەڵاتەکەیان پێ بڕا.

بێگومان چییەتیی ئەو ڕەفتاری سیاسییەی خەڵکی ئێران بەتایبەت لە دوو ساڵەی شۆڕشی ژینادا گرێدراوی دۆخێکە کە تێیدا دەژین، لێکەوتە و دەرەنجامی کەلێن و مەودایەکی پڕ نەکراوەیە کە لە نێوان خۆیان و حکوومەتدا دەبیبین و نیشانەی هەرەدیار لە بێزاریی ئەوانە لە دەسەڵات و هەر ئەکت و بابەتێک کە پێوەندیی بە دەسەڵاتەوە هەبێت، یان ئەوەی حکوومەت بیهەوێت لە بەرژەوەندیی خۆیدا بەکاری بێنێت. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش کە وای دانابوو تیمی تۆپانەکەی دەتوانێ بەسەر قەتەردا زاڵ بێت و لە یاریی کۆتاییشدا کە ڕۆژی پێش ٢٢ی ڕێبەندان دەکرێ سەرکەوتن بەدەست بێنێت و لەوە شۆیەکی مێدیایی ئیحساسی بۆ پەردەپۆشکردنی خەسار و قەیرانەکانی ٤٥ ساڵ حوکمڕانییەکەی وەڕێ بخات؛ دۆڕاوی سەرەکیی ئەم گۆڕەپانە بوو.