کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات: هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەمە دەرفەتێکی دی بۆ "نا"گوتنەوە بە کۆماری ئیسلامیین

11:25 - 26 رێبەندان 2723

گەلانی ستەملێکراوی ئێران!

خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!

ئازادیخوازان و حیزب و لایەنە سیاسییەکان!

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژی ١١ی ڕەشەمەدا بەناوهەڵبژاردنێکی دیکە بۆ خولی دوازدەهەمی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و خولی شەشەمی مەجلیسی خیبرەگانی ڕێبەری بەڕێوە دەبات.

ئەزموونی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەڕێوەبردنی جۆرەها هەڵبژاردنی مەجلیس، مەجلیسی خیبرەگانی ڕێبەری و شوڕای شارودێ لەو ماوەیەدا و، تاقیکردنەوەی زۆر ڕەوت و لایەنی سیاسی لە ڕاست و چەپ و لە چاکسازیخوازەوە بگرە هەتا میانەڕەو و بەناو ئێعتدال‌گەراکان و کارنامەی سیاسییان سەلماندوویەتی؛ کە هەڵبژاردنەکان لە چوارچێوەی دەسەڵاتدارەتیی ئەم ڕێژیمەدا نەک ناتوانن سەرچاوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئێران و دۆخی گشتیی وڵات بن، بەڵکوو دەنگی خەڵک تەنیا بۆ ڕەواییدان بە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بەکار هاتووە. هەر ئەو ئەزموونە پێمان دەڵێ هەموو جۆرە هەڵبژاردنێک لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا مهەندیسی‌کراو و بەتەواوی نادێموکراتیکە و هەرهەموو هەوڵی ڕێژیم ئەوەیە هەڵبژاردنەکان بکا بە دەرفەتێک بۆ ئەوەی چەندی بۆی بکرێ خەڵکێکی زۆر بێنێتە سەر سندووقەکان هەتا لە چوارچێوەی ئەو یارییە پلان‌بۆداڕێژراوەدا بە خەڵکی دنیا ڕابگەیەنێ کە ڕێژیمەکەی ڕەوایی خەڵکی لەپشتە.

کاردروستاییەکان بۆ خولی دوازدەهەمی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی لە کاتێک‌دایە بە درێژایی تەمەنی ئەو ڕێژیمە مەجلیس وەک ئۆرگانێک بۆ نواندنی ویست و ئیرادەی خەڵک نەیتوانیوە نەک هەر لە پرسە گرینگەکانی پێوەندیدار بە ماف و ژیانی خەڵکی ئێراندا بڕیاردەر و شوێندانەر بێت، بەڵکوو مەجلیس بۆ خۆی بەشێکی گرینگ لە پێکهاتەی ئەم ڕێژیمە بووە و وەک یەکێک لە ئۆرگانە سەرەکییەکانی ئەم نیزامە سەرکوتکەرە ڕۆڵی گێڕاوە. بەتایبەت ڕووداوەکانی شۆڕشی ژینا و بەردەوامیی جموجۆڵە ناڕەزایەتییەکان لە دوو ساڵی ڕابردووشدا بۆ هەموو کەسێکی سەلماندوە  نە مەجلیسی ڕێژیم پارلمانێکی ڕاستەقینەیە و نە نوێنەرانی ئەو مەجلیسە دەنگی خەڵک و پارێزەری ماف و ئازادییەکانی ئەوانن. هەمووان دەزانن تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە سەدان کەسی مافخواز لە سەر شەقام کوژراون، دەیان هەزار کەس ڕاپێچی بەندیخانەکان کراون، نیزیک بە دوو هەزار کەس لە سێدارە دراون، هەرچەشنە ناڕەزایەتی و مافویستییەکی خەڵک بە ئاگر و ئاسن وەڵام دراوەتەوە و هەژاری و گرانی و برسیەتی بڕستی لە خەڵکی وڵات بڕیوە؛ بەڵام نە مەجلیس بە گشتی و نە نوێنەرانی ئەو مەجلیسە تەنانەت بە تاک، هیچ هەڵوێستێکی شیاویان بەرانبەر بە جینایەتەکانی نیزامی سیاسی و دەسەڵاتدار لە وڵات نەبووە. یان لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە قەیرانخوڵقێنییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەستێوەردانی سیاسی لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دراوسێی و تەیارکردنی میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییەکانی بۆ ئایدۆلۆژیی هەناردەی شۆڕش لەسەر حسێبی سامانی گشتیی وڵات و قووت و ژیان و گیانی خەڵکی ئێران شەڕێکی نیابەتیی لەگەڵ ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکانی وەڕێ خستووە، مەجلیسی ئێران و بەناو نوێنەرانی خەڵک لەو مەجلیسەدا نەک هەر هیچ چەشنە ناڕەزایەتییەکیان لەدژی سیاسەتەکانی ڕێژیم نەبووە، بەڵکوو لە کۆبوونەوەی مەجلیسدا بەرگی سپای پاسداران لەبەر دەکەن و وەک سەربازی پیادەنیزامی ڕێژیم لە بەرەی دژی خەڵکدا دەجووڵێنەوە.

بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پاشخانی نیزیک بە هەشت دەیە خەبات و قوربانیدان و گرتنەبەری ڕێوشوێن و هەڵوێستی سیاسی بەتایبەت دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و توندتربوونی ململانێی نێوان خەڵک و نیزامی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەوە باوەڕەیە، کە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەمە زیاتر لە پێشوو ئەرکێکی نیشتمانی، نەتەوەیی و ئەخلاقی هاوکات خاوەندارەتیی لە نیزیک بە یەک سەدە تێکۆشانی سیاسی لەپێناو ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد و ئەو خوێن و خەباتە وەک میراتی خەباتگێڕیی کورد لە کوردستانی ئێرانە. بۆیە داوا لە هەموو گەلانی ئێران و بەتایبەت خەڵکی کوردستان دەکات بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان، داکۆکی لە ماف و ئازادی و ویستە مرۆیی و نەتەوایەتییەکانی خۆیان بکەن و بە نەچوونەسەر سندووقەکانی دەنگدان، ئەم هەڵبژاردنە بکەنە ڕێفراندۆمێکی دیکە و “نا”گوتنەوەی دووبارە بە کۆماری ئیسلامی.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەوەدا کە دڵنیایە خەڵکی کوردستان ئەم هەڵبژاردنانە بە گەرموگوڕیی زیاترەوە بایکۆت دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خوازیاری ئەوەیە هەموو تاکێک و چین‌وتوێژی کۆمەڵ، کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و بەگشتی هەموو لایەک وێک‌ڕا و پێکەوە بچنە سەنگەری تەحریمی هەڵبژاردنەکانی مانگی ڕەشەمە و تابلۆیەکی دی لە هاوهەڵوێستی، یەکگری، هاوخەباتی و خۆڕاگریی کورد پێشانی هەمووان بدەن. حیزبی دێموکرات هاوکات پێشوازی لە کشانەوەی ئەو کەسانەش دەکا بە هەر هۆیەک پێشتر بۆ ئەو هەڵبژاردنانە ناونووسییان کردوە، بەڵام ئامادە نین خۆیان بکەنە هاوبەشی خەیانەت و جینایەتەکانی ڕێژیم و ئەو کارەساتانەی بەسەر خەڵکی وڵاتی دەهێنێ.

سڵاو لە ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان و هەموو ئازادیخوازانی ئێران!

سڵاو لە مافویستی و خەباتی شێلگیرانەتان!

 بژی یەکیەتی و هاوهەڵوێستی هەموو نەتەوە مافخوازەکانی ئێران لەدژی کۆماری ئیسلامی!

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەری

٢٦ی ڕێبەندای ١٤٠٢