کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕێکی ترسەنۆکانە دژبە ژنان

11:19 - 5 بانەمەڕ 2724

سمایل شەرەفی

شەپۆلێکی دیکە لە پەلاماردانی ژنان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستی پێ کردوە. ئەم سەرکوتکارییە لە ئاستێکی بەرین و بەربڵاو و بە شێوەی جۆراوجۆر لە ئارادایە. هەر لە هێرش بۆ سەر ژنان لەسەر شەقامەکان بە بیانووی "بێ‌حیجابی"یەوە بگرە تا دەستدرێژی بۆ سەر ژنانی مافخواز لە بەندیخانەکان و هەوڵدان بۆ بێ‌رێزیکردن و بوختان بۆ هەڵبەستنیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن هێزی سەرکوتکەری سایبێریی ڕێژیم.

هێزەکانی گەشتی ئیرشاد لە هەڵمەتێکی نوێدا دیسان وەک هەمیشە و ئەمجارەیان زۆر توندوتیژ و دڕندانەتر لە جاران بە شەقامی شارەکانی ئێراندا بڵاو بوونەتەوە و  بە بیانی "ڕەچاونەکردنی یاساکانی حیجاب" پەلاماری ژنان و کچان دەدەن و هاوکات لەگەڵ بێ‌ڕێزی‌پێکردنیان لێیان دەدرێ و بەزۆر ڕاپێچی گرتووخانەکان دەکرێن. هاوکات لەگەڵ ئەم ڕەفتارە سەرکوتکەرانەی هێزەکانی ئیرشاد، باس لەوە دەکرێ کە لە زیندانەکاندا گوشار بۆ سەر ژنانی بەندکراو پەرەی ئەستاندوە و تەنانەت دەستدرێژیی جنسی دەکرێتە سەر ژنان و سووکایەتییان پێ دەکرێ. لە تازەترین فایلی دەنگییدا، نەرگس محەممەدی، ژنە بەندکراوی براوەی خەڵاتی نوبێل، لە بەندیخانەوە باس لەوە دەکات کە گوشار بۆ سەر ژنانی بەندکراو لە پەرەسەندنی زیاتردایە و تەنانەت باس لەوە دەکات ئاسەواری توندوتیژیی و دەستدرێژی جنسی بە هێندێک لە ژنانی زیندانییەوە دیارە. هەر لەم پێوەندییەدا وەک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زۆر باسی لێوە کرا، ڕێژیم لەلایەن کۆمەڵێک بەکرێگیراو و لە ڕێگای چەند کاناڵ و پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەئامانجگرتنی ژنان لە کوردستان و هەوڵدان بۆ بێ‌ڕێزی و بوختان بۆ هەڵبەستنیان و سووککردنیان لە بنەماڵە و کۆمەڵگەدا، کاری لەسەر دەکرێ.

ئەم شەڕەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژبە ژنانی وڵات کە هەر ئێستا و لە یەک دوو ساڵی ڕابردوودا ئاستێکی بەربڵاو و فراوانی بەخۆوە گرتوە، بە درێژایی هاتنەسەرکاری ئەم ڕێژیمە هەبووە و درێژەی هەیە. هەر لە یەکەم ڕۆژ و مانگەکانی هاتنەسەرکاری ئەم ڕێژیمە، ئەوە ژنان بوون کە ڕاست دژبە حیجابی زۆرە ملی و لە پێناو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خۆیاندا بە هەزاران کەسیان ڕژانە سەر شەقامەکانی تاران و بە درووشمی "نە روسری، نە توسری، آزادی و برابری"، ڕاشکاوانە دژایەتیی خۆیان دژ بە نیزامی ئیدئۆلۆژیکی ئاخوندی ڕاگەیاند. لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا ژنان لە هەموو بەستێنەکانی خەبات و جووڵە جەماوەری و سیاسییەکانی نێوخۆی وڵات‌دا، ئازایانە دەنگیان هەڵبڕیوە و لە ڕەفتاری ڕۆژانەیان لە بنەماڵە و شوێنە گشتییەکان و شەقامەکاندا سەلماندوویانە کە تەسلیمی یاساوڕێسای پڕ هەڵاواردن و کۆنەپەرستەکانی کۆماری ئیسلامی و ئیدئۆلۆژییە دژە ژنانەکانی نەبوون و نابن.

بەتایبەت لە ڕەوتی نوێترین بزووتنەوەی بەرینی گەلانی ئێران ‌(ژینا)دا کە "ژن" وەک تێمی سەرەکیی ئەم بزووتنەوە لە ژێر درووشمی "ژن.ژیان.ئازادی"دا وێنا و پشتیوانییەکی جیهانیی بۆ ئەم بزووتنەوە دەستەبەر کرد، کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەمیشە لەگەڵ ژنان کەوتە شەڕەوە. ژنان لە بزووتنەوەی ژینادا زیاتر لە ڕابردوو، بە شێوەی مەیدانی "بوون"ی خۆیان وەک بەشێکی هەرە ئەکتیڤ و چالاکی بزووتنەوە نیشان ‌دا. ژنان بە هێزوەرگرتن لە ئەقڵییەت و تێفکرینێک کە لە پشت درووشمی ژن، ژیان، ئازادی‌یەوە هەبوو و بەو پشتیوانییە جەماوەری و جیهانییەی لێی کرا، ڕۆڵی هەر بەرچاو و تەنانەت پێشەنگیان لە بزووتنەوەکەدا گێڕا. ژنان لەم شۆڕشە‌دا بە کۆمەڵێک ڕەفتاری نمادین و سەمبولیکی وەک پەچەلادان و بڕینی پرچیان، ڕاستەخۆ ماهییەتی ئیدئۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامییان خستە ژێر پرسیار.

لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی‌دا کۆماری ئیسلامی زۆر لێبڕاوانە هێزی سەرکوتی خۆی ڕژاندە سەر شەقامەکان و بە شێوەی جۆراوجۆر پەلاماری ژنانی‌دا؛ سووکایەتی پێکردن، لێی دان، لێی کوشتن، دەستبەسەری کردن و وێڕای ئەشکەنجە و دەستدرێژی و سووکایەتیی زیاتر، حوکمی قورس و گرانی بەسەردا سەپاندن. پێی وابوو بەم شێوەیە دەتوانێ شەڕی دەیان ساڵەی لەگەڵ ژنانی ئازادیخوازی وڵات بباتەوە و سەرکوتیان بکات. بەڵام وەک بۆ هەمووان و بۆ ڕێژیم زیاتر لە هەموو کەس ڕوونە، ژنان نە پاشەکشەیان لە داخوازییەکانیان کردوە و نە ئامادەن سەر بۆ یاسا داسەپاوەکانی ئەم ڕێژیمە نەوی بکەن.

ژنان لە بنەماڵەکانیاندا خەریکی پەروەردەکردنی نەوەیەکی ئازادیخواز و بەرهەڵستاری زووڵم و دیکتاتۆرین، لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا وێڕای داکۆکیکردن لە ئازادییە کۆمەڵایەتی و فەردییەکانیان، یاسا ڕەش و کۆنەپەرەستە داسەپاوەکانی وەک حیجابی زۆرە ملێ، دەخەنە ژێر پرسیار و تەسلیمیان نابن.

ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای هێزە سەرکوتکەرە جۆراوجۆرەکانییەوە لە سەر شەقامەکان، زیندانەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژبە ژنانی وڵات و نیشتمانەکەمانی دەیکات، شەڕێکی ترسەنۆکانەیە. شەڕێک کە لە ترسەوە سەرچاوە دەگرێت، ترس لەو ڕق و بیزارییەی خەڵک کە –کاربەەستانی ڕێژیم لە هەموو کەس و لایەنێک باشتری لێ ئاگادارن – لە دەرفەتێکی گونجاو و ئاکامبەخش دەگەڕێت بە تەواویەتی ئەم نیزامەدا بتەقێتەوە و داهاتوویەکی گەش بۆ خۆی دەستەبەر بکات. پەلاماردانی ژنانیش جیا لە تۆڵەکردنەوە لە ڕۆڵ و کاریگەرییان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دژ بە دەسەڵات، هەوڵێکە بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک بۆ خۆبواردن لە هەر ناڕەزایەتی‌دەربڕینێک، سیاسەتێک کە لە ٤٥ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام مایەپووچ دەرچووە.