کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێویستیی ڕاستکردنەوەی بارە لارەکە

13:11 - 17 رێبەندان 2723

عەلی بداغی

 

ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوی خاڵگۆڕانی مێژووی هاوچەرخی ئێران بوو. پاش ڕاکردنی محەممەدڕەزاشا لەو ڕێبەندانەدا شۆڕشی خەڵکی ئێران لەدژی ڕێژیمی پاشایەتی بە هاتنەوەی خومەینی لە دوورخراوەیی سیاسی و خۆبەدستەوەدانی ئەڕتەشی پاشایەتی سەرکەوت و کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک نیزامی سیاسیی جێگرەوەی پاشایەتی جڵەوی کاروباری وڵاتی گرتەدەست.

ئازادی، دێموکراسی، کرانەوەی سیاسی، نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵیی، دابینکردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، که‌مکردنه‌وه‌ی که‌لێنی کۆمه‌ڵگەی هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند، دەستەبەری ژیانێکی ئاسوودە لەسەر بنەمای وەدیهێنانی مافە سیاسی، مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان، بایەخمەندیی تاک و کەرامەتی خەڵک کۆمەڵە ئامانجێک بوون کە ئەوکات زۆربەی هێزە سیاسییەکانی لە دەوری یەک کۆکردەوە هەتا ڕێژیمی پاشایەتیی پێ بڕووخێنن و نیزامی سیاسیی نوێی لە جێ دابنێن. بەڵام پاش ٤٥ ساڵ حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی بەرهەمی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ هەتا ئێستا قەڵتوبڕی سیاسی، نەبوونی هیچ چەشنە ئازادییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بێبەشیی خەڵک و کەمایەتییەکان لە مافە بنەڕەتییەکانیان، داڕمانی ئابووری، گرانیی هەوسارپچڕاو و بێکاریی دوو لەسەر سێی حەشیمەتی وڵات، هەرەسهێنانی بایەخی دراوی نیشتمانی، قەیرانی ژینگە، هەڵتەکانی کۆمەڵایەتی و بێهیوایی خەڵک لە هەرچەشنە چاکسازی و گۆڕانکارییەک بووە.

ئەمڕۆکە نەک هەر خەڵکی ئێران بەڵکوو کۆمەڵگەی جیهانییش سەرەڕای هەموو سەرنج و تێبینییەکان لەسەر هاوکێشەکانی نەزمی جیهانی دەزانن کە کۆماری ئیسلامی مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئەمنیەت و سەقامگیریی جیهانە، ڕێژیمێک کە لەپێناو مەرامە سیاسی و ئیدئۆلۆژیکەکانی خۆی کە هیچ ڕەواییەتێکی لەلای خەڵکی وڵات نییە، هەم خەڵکی ئێرانی بەبارمتە گرتوە و هەم هەموو مافەکانی ئەو خەڵکەش پێشێل دەکات. ئەو دیکتاتۆرییە لە ماوەی نیزیک بە نیوسەدەی ڕابردوودا وڵاتی دەوڵەمەندی ئێرانی هێناوەتە سەر ساجی عەلی. ڕێژیمێک کە بە سەدان میلیارد دۆلاری بۆ پڕۆژەی ئەتومیبوون و پەرەپێدان بە پیشەسازیی مووشەکی و تێروتەیارکردنی ئەڕتەشە نیابەتییەکانی لە عێڕاق، یەمەن، سووریە، لوبنان و فەلەستین خەرج کردوە، بەڵام دوو لە سێی خەڵکی وڵاتەکەی  خۆی بێ‌ئەنوا و نوقمی هەژاری و داماوین.

٤٥ ساڵ دوای ڕێبەندانی ١٣٥٧ کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی پێ زلهێزی سەربازیی ناوچە و مۆدێلی هەرە سەرکەوتووی بەڕێوەبردنی وڵاتە. ئەوە کە ڕێژیمی ئێران توانیویەتی دڕۆنسازی و پیشەسازیی مووشەکیی خۆی پەرە پێ بدات و ئەم ئامرازەش بۆ ناسەقامگیریی سیاسیی و ئەمنییەتیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەکار بێنێت هیچ لەوە ناگۆڕێ کە ڕێژیم تەنانەت لەڕووی تێکنۆلۆژیی شەڕ و هەواڵگرییشەوە نەک لە پاش، بەڵکوو داڕووخاوە. هێرشی بەردەوامی ئیسڕائیل بۆ سەر بنکەکانی سپای پاسداران لە سووریە و کوشتنی گەورەبەرپرسانی سیاسی-نیزامی و ئەمنییەتیی ڕێژیم وەک قاسم سولەیمانی، موحسین فەخری‌زادە، حوسێن هەمەدانی، حەسەن سەیادحوسێنی، سەید ڕەزی مووسەوی و ڕیسواییەکانی هێرشی نیزامی و سایبێریی ئیسڕائیل بۆ سەر بنکە نیزامییەکانی ئێران لە نێوخۆی وڵات و دزینی زانیارییە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە بنکە ئەتومییەکانی و گواستنەوەیانی بۆ ئیسڕائیل تەنیا بەشێک لە داماوی و زەبوونیی نیزامی و ئەمنیەتیی کۆماری ئیسلامین. ئەوەندەش کە بۆ حاکمییەتی سیاسیی ڕێژیم لە نێوخۆی وڵات دەگەڕێتەوە، قەیرانی شەرعییەت، کارامەیی لە ئیدارەدانی وڵات، قەیرانی یەکیەتی و یەکگریی نێوخۆیی حاکمییەت و پشتبەستن بە دەزگای سەرکوت و سڕینەوە وەک تاکە ئامرازی ڕاگرتنی دەسەڵات خاڵە جەوهەرییەکانی ڕوومای سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێستادان.

لە وەها دۆخێکدا، بەڵام بزووتنەوە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانیش کە لە دەیەی ٧٠ی هەتاوییەوە کەم و زۆر دەستیان پێ کردوە و لە نیوەی دووهەمی دەیەی ٩٠دا تەواوەتیی ڕێژیمیان کردە ئامانج و لە شۆڕشی ژینادا گەیشتە چلەپۆپەی خۆی، بەردەوامن، کەچی هەتا ئێستا بە ئاکام نەگەیشتوون. بەوپێیە لە ٤٥ ساڵەی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیدا چەند پرسیاری سەرەکی دێنە گۆڕێ کە چۆنە سەرەڕای هەموو قەیران و ناکارامەییەکانی ڕێژیم لە ئیدارەدانی وڵات و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان بەڵام کۆماری ئیسلامی هەیمەنە و دەسەڵاتەکەی هەر وا پاراستوە؟ هەروەها لە ئێستادا ئێران بەرەو کوێ دەڕوا و چارەنووسی خەڵک و کۆماری ئیسلامی کەی و لەکوێ یەکلا دەبێتەوە؟

لەمەڕ هۆکارەکانی مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەبێ پێش هەموو شتێک قامک لەسەر هەڵبژاردنەکان و سەرقاڵکردنی دەیان ساڵەی خەڵک بەو گەمەیە بدوێین کە ڕێژیم هەم شەرعییەتی سیاسیی خۆی لێ وەرگرتووە و هەم وەک سوپاپی دڵنیایی دەسەڵاتەکەی بەکاری هێناوە. هەڵبژاردنەکان و هێشتنەوەی هیوای خەڵک بە چاکسازی لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدان و بەڕێوەبەری شانۆگەریی ڕکابەریی سیاسی لەنێوان باوەڕپێکراوانی خودی نیزام یەک لە سیاسەتەکانی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی و یەک لە ڕێکارەکانی بەتاڵکردنەوەی وزەی خەڵکی ناڕازی بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی بووە. ڕێژیم ئێستاش و لە مانگی سەرەتای ٤٦ەمین ساڵی حوکمڕانییەکەیدا بەتەمایە جارێکی دی لەو تاکتیکە کەلک وەرگرێ، ئەگەرچی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریی خولی سێزدەهەم کە بە ڕکابەریی ئیبڕاهیم ڕەئیسی لەگەڵ دەنگی سووتاو (باطلە) کۆتایی هات، دەسپێکێکی گرینگ بۆ کۆتایی‌هاتنی گەمە و سیناریۆیەکانی هەڵبژاردن لە ئێران بوو.

هۆکارێکی دیکەی بەردەوامیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پاوانکردنی ناوەندەکانی سەرەکیی دەسەڵات و هێز لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، بەتایبەت پاوانی  داهاتی نەوت و گاز و سەرچاوە سروشتییەکانی وڵات بووە. سپای پاسداران، ئەڕتەش، هێزە ئینتیزامییەکان کە هەرکام لەوان کاڕتێلی ئابوورییشن، لە تەنیشت تەڕاتێنی ناوەندە ئەمنیەتییەکان، دەزگای داد، ڕێکخراوی زیندانەکان و میدیادا هەموو ئەوانە ئامرازەکانی بەردەستی حاکمییەتی سیاسی بۆ کۆنتڕۆڵی ناڕەزایەتی و سەرکوتی هەرچەشنە دەنگێکی ڕەخنەگر و بزووتنەوەیەکی سیاسی و مەدەنی بوون.

هەڵبەت لەگەڵ ئەوەشدا سەرکوتی خوێناوی و بێ‌بەزەییانەی دژبەرانی سیاسی وەک ئێعدام و تێرۆری دەیان هەزار چالاکی سیاسی و ئاخنینی بەندیخانەکان لە جیابیران و ڕەخنەگرانی وڵات دوو هۆکاری دیکەش یارمەتیی درێژبوونەوەی دەسەڵاتی ڕێژیمیان داوە. یەکەم پڕشوبڵاوی ڕیزی ئۆپۆزیسیۆن کە نەیتوانیوە وەک بەدیلێکی سیاسی خۆی دەربخا و بە ڕێکخستنی کۆمەڵانی خەڵک تەنگ بە ڕێژیم هەڵچنێ و بەپێچەوانە کەلکوەرگرتنی ڕێژیم لەو دۆخە بە مەبەستی قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکانی دژبەرە سیاسییەکانی. فاکتەرێکی دیکەش پشتیوانیی دەرەکی بەتایبەت دەسگرۆیی و هاریکاری سیاسی و ئابووریی زلهێزەکانی وەک چین و ڕووسیە و بەرژەوەندخوازیی سیاسیی بەرەی ڕۆژئاواشە کە نەیویستووە ئاراستەی هاوکێشەکان بە قازانجی جووڵانەوەی ئازادیخوازیی خەڵکی ئێران بگۆڕێت.

لە ئێستاشدا کە کۆماری ئیسلامی پێ دەنێتە چل‌وشەشەمین ساڵی حوکمڕانییەکەی. پاشخانی ناڕەزایەتییەکان و دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژینا و بەردەوامییەکەی دۆخێکی نوێی لە کۆمەڵگەی سیاسیی ئێراندا خوڵقاندوە، دۆخێک کە نە سەرکوت و زەبروزەنگ، نە پشتیوانیی وڵاتانی دەرەکی و نە شەڕی نیابەتیی میلیشیاکانی کەمترین کاریگەرییان لەسەر ئیرادەی گۆڕانخوازانەی خەڵکی ئێران نییە.