کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەر ئێران ڕاستەوخۆ هێرش بکات، هێرش دەکرێتە سەر خاکەکەی

12:00 - 22 خاکەلێوه 2724

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەمە ٢٢ی خاکەلێوە لە کاردانەوە بە قسەکانی عەلی خامنەیی ڕایگەیاند کە ئەگەر ئێران ڕاستەوخۆ لە خاکی خۆیەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، هێرش بۆ سەر خاکی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە.

ئیسرائیل کاتز کاتژمێرێک پاش قسەکانی خامنەیی لە پەیامێکدا بە زمانی فارسی لە هەژماری ئیکسی خۆیدا سەبارەت بە هەڕەشەکانی خامنەیی نووسی: ئەگەر ئێران لە خاکی خۆیەوە هێرش بکات، کاردانەوەی ئیسرائیل هێرشکردنە سەر خاکی ئێران دەبێت.

کاتژمێرێک پێش ئەم پەیامەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، عەلی خامنەیی لە وتارەکەی بۆ جێژنی ڕەمەزان لە تاران بۆ جارێکی تر هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند کە هێرش بۆ سەر کونسولخانە بە مانای هێرش بۆ سەر خاکی وڵاتێکە و بە وتەی خۆی ئیسرائیل دەبێت "تەمێ" بکرێت.

پاش کوشتنی فەرماندەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لەلایەن ئیسرائیلەوە لە دەمیشق، خامنەیی لە پەیامێکدا بۆ بنەماڵەی کوژراوەکانی هێرشەکە، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە ئیسرائیل کردبوو.

بەپێی زانیارییەکانی ژمارەیەک لە سەرچاوە ڕۆژاواییەکان لە زاری بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکاوە، ڕێژیمی ئێران لە کاردانەوە بە هێرشەکەی ئیسرائیل، بە شێوەی ڕاستەوخۆ هێرش ناکاتە سەر ئەو وڵاتە.

بەم پێیە ئەگەری هەیە کە ڕێژیم لە ڕێگەی میلیشیاکانییەوە لە ناوچەکەدا، هێرشێکی بەرفراوانی دڕۆنی و مووشەکی بکاتە سەر بەشێک لە خاکی ئیسرائیل.