کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ بەڕێوەچوونی سێمینارێکی تەشکیلاتی بۆ وتەبێژی حیزب

12:36 - 22 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی خاکەلێوە (٧ی ئاوریلی ٢٠٢٤)، بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب نیشتەجێ لە وڵاتی ئاڵمان سێمینارێکی تەشکیلاتی بۆ بەڕێز کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی نیشتمان دەستی پێ کرد.

پاشان بەڕێوەبەری کۆڕەکە، هاوڕێ تاهیر قادرپوور وێڕای سپاس و پێزانینی بۆ بەشداریی هاوڕێیان و بەخێرهاتنی وتەبێژی حیزب، باسێکی سەبارت بە نێوەڕۆکی سێمینارەکە پێشکەش کرد.

کاک خالید عەزیزی شیکارییەکی وردی سەبارەت بە یەکڕیزیی دێموکرات و گرینگیی یەکگرتنەوە و وەسەریەکخستنەوەی ڕیزەکانی حیزب کرد و لەسەر پاراستنی یەکڕیزی جەختی کردەوە.

کاک خالید لە درێژەدا ئاماژەی بە  کۆڕ و کۆمەڵە کوردییەکانی دەورەی وڵات کرد کە پێویستە ئەندامانی حیزبی بە گوێرەی سیاسەتەکانی حیزب هەڵسوکەوت بکەن و داکۆکی لە بەرژەوەندی و پڕەنسیپە دێموکراتیکەکانی حیزبی دێموکرات بکەن .

بەڕێز عەزیزی لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بە بزووتنەوەی ژینا کرد کە لە هەموو کوردستان‌دا هێما نەتەوایەتییەکان بەگشتی دەبینران و کورد بەگشتی یەکدەست و یەگرتوو بوون و هەمان شت لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵی کوردستان‌دا دووپات کرانەوە. ناوبراو وتی: ئەوەش نیشان دەدا کە بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلەکەمان زۆر بەهێزە و پێویستە کار لەسەر بەهێزترکردنی زیاتری بکرێ.

وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆتایی قسەکانی‌دا باسی لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدراڵ کرد و وتی لەم پێوەندییەدا بەرینکردنەوەی پێوەندییەکانمان لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێران و هێز و لایەنە سیاسییەکانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە دەرەوە و نێوخۆی وڵات، یەکێک لە ئەرکە هەرە گرینگەکانمانە.

لە دوایین بەشی ئەم سمینارەدا لە لایەن بەڕێز وتەبێژی حیزبەوە وڵامی ڕەخنە و پێشنیار و سەرنجی بەشداربووانی باسەکە درایەوە.