کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قسەکانی سەرپەرشتیاری گرووپی پزیشکیی عەلی خامنەیی کاردانەوەی لێکەوتەوە

12:44 - 22 خاکەلێوه 2724

قسەکانی سەرپەرشتیاری گرووپی پزیشکیی عەلی خامنەیی لە بەرنامەیەکی تلویزیۆنیدا سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی و شێوازی ژیانی ڕێبەری ڕێژیم، کاردانەوەیکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە.

عەلیڕەزا مەرەندی بەرپرس و سەرپەرشتیاری گرووپی پزیشکیی خامنەیی لە لێدوانێکدا سەبارەت بە تەمەنی خامنەیی ڕایگەیاند کە تەمەنی ڕێبەری ڕێژیم کەم نییە بەڵام تەندروستە.

مەرەندی زیادی کرد کە خامنەیی بەو تەمەنەوە بە ڕێژەیەکی زۆر کار دەکات و کاروباری نێوخو و دەرەوەی وڵات لە کۆتاییدا دێتەوە بەردەستی ڕێبەر و ئەو دەبێت لەسەر هەمووی بڕیاری کۆتایی بدات.

 لە بەشێکی لێدوانەکەدا مەرەندی لە وڵامی پێشکەشکاری بەرنامەی "بێرموودا" سەبارەت بە ڕێنوێنییە تەندروستییەکانی بۆ ڕێبەری ڕێژیم، دەڵێت: "بە ڕێبەری ئێرانم وتووە کە میوە بخوات بەڵام ئەو داوای کەم نرخترین میوەکانی کردووە کە خەڵکیش دەتوانن بیکڕن".

ئەم بەشەی قسەکانی مەرەندی کاردانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتووەتەوە.

لە نموونەیەکدا بەکارهێنەرێک نووسیویەتی: "لە کاتێکدا نیوەی زیاتری خەڵکی ئێران تەنانەت بۆ هەڵامەتێکی ئاساییش ناتوانن بچنە لای پزیشک و پارەی دەرمانەکانیان بۆ دابین ناکرێت، خامنەیی گرووپی پزیشکیی تایبەتی هەیە، بەڵام داوای میوەی هەرزانی کردووە؟".

شایانی باسە کە عەلیڕەزا مەرەندی ماوەی ٣٠ ساڵە سەرپەرەستی گرووپی پزیشکیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانە و زۆرجار کە هەواڵەکانی سەبارەت بە ناجێگیربوونی دۆخی خامنەیی بڵاو دەبێتەوە، سەبارەت بە تەندروستیی ناوبراو لەگەڵ میدیاکانی ڕێژیمدا قسە دەکات.