کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی باوکی یەکێک لە شەهیدەکانی شۆڕشی ژینا لە قوروە

12:30 - 23 خاکەلێوه 2724

گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا بەردەوامە و لە نوێترین حاڵەتدا، باوکی یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە قوروە، پاش بانگکران بۆ دادسەرای گشتیی شاری قوروە، دەسبەسەر کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوە، کەماڵ لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دێولان پاش بانگکران بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری قوروە، دەسبەسەر کرا.

کەماڵ لوتفی ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ش لە یەکێک لە شەقامەکانی دێولان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.

ناوبراو لە کۆتاییدا لە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٢دا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و سەرەڕای بەتەمەن بوون و دۆخی خراپی جەستەیی لە بەندیخانەی کامێران مانگی لە خواردن گرتبوو.

ناوبراو هەروەها کۆتاییەکانی خەزەڵوەری ١٤٠٢، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم، بانگی لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی شاری دێولان کرابوو.

ڕەزا لوتفی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی دێولان لە یەکەمین کەسانێک بوو کە لە ڕۆژی سێهەمی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینیدا لە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ لە دێولان و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی یگانی تایبەت شەهید بوو.

پاش قەتڵی حکوومەتیی ڕەزا لوتفی، بنەماڵەکەی بە مەبەستی وتووێژی تلویزیۆنی و پێوەنددانەوەی کوژرانی کوڕەکەیان بە حیزبە کوردستانییەکان لەلایەن سپای پاسدارانەوە هەڕەشەیان لێ کرا و کەوتنە ژێر گوشارەوە.

کەماڵ لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی چەند ڕۆژ پاش قەتڵی حکوومەتیی کوڕەکەی و دوابەدوای گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک ڕایگەیاند کە کوڕەکەی بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژرا.