کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٨ وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلیان مەحکووم کرد

10:49 - 30 خاکەلێوه 2724

٤٨ وڵاتی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش، هێرشی دڕۆنی و مووشەکیی کۆماری ئیسلامییان بۆ سەر ئیسرائیل مەحکووم کرد و ئەم هێرشەیان بە دوایین نموونەی کردەوە مەترسیدار و ناسەقامگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی و گرووپە نیابتییەکانی زانی.

ئەم وڵاتانە لە بەیاننامەی هاوبەشی خۆیاندا ڕایانگەیاندووە: هێرشی کۆماری ئیسلامی کە بووەتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان، دوایین نموونەی کردەوەی مەترسیدار و ناسەقامگیرکەری کۆماری ئیسلامی و گرووپە میلیشیاکانییەتی کە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ ئاشتی و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی پێک هێناوە.

واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە ڕایانگەیاند: هێرشەکانی ٢٥ی خاکەلێوەی کۆماری ئیسلامی  بۆ سەر وڵاتی ئیسرائیل مەحکووم دەکەین. پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم هێرشە بەرفراوانە کە بریتی بوو لە هاویشتنی چەند سەد مووشەکی بالیستیک و مووشەکی کرووز و دڕۆنی هێرشبەر بۆ سەر چەند ئامانجێک، دەکرا زیانێکی بەرچاو و لەدەستدانی ژیانی لێ بکەوێتەوە.

لەو بەیاننامە هاوبەشەدا هاتووە: ئەو ڕاستییە مەحکووم دەکەین کە ئەو چەکانەی بەرەو ئیسرائیل هاویشتراون، ئاسمانی چەند وڵاتێکی ناوچەکەیان پێشێل کردووە و ژیانی خەڵکی بێتاوانی ئەو وڵاتانەیان خستۆتە مەترسییەوە.

لە بەیاننامەی هاوبەشی ئەو ٤٨ وڵاتەدا باس لەوە کراوە: لە هەوڵەکانی پێشگرتن لە پەرەسەندنی دەستبەجێی توندوتیژی لە ناوچەکە، دوابەدوای هەوڵە هاوئاهەنگە سەرکەوتووەکان بۆ بەرگریکردن لە هێرشی کۆماری ئیسلامی پێشوازی دەکەین.

هەروەها لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: دەسبەسەرداگرتنی نایاسایی کەشتییەکی بازرگانی بە ئاڵای پۆرتغاڵ لە نزیک گەرووی هۆرمۆز لە ٢٥ی خاکەلێوە مەحکووم دەکەین و داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکەین دەستبەجێ ئەو کەشتییە و تیمە نێودەوڵەتییەکەی ئازاد بکات.