کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی سێهەم کاسبکاری کورد لە ماوەی حەفتەیەکدا

11:42 - 30 خاکەلێوه 2724

کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە سنووری "تەتەی"ی هەورامان گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ خاکەلێوە، کاسبکارێکی تەمەن ٣٥ ساڵی کورد بە ناوی "سەیوان دەست ئەفکەن" خەڵکی گوندی "دەرەپەمان" سەر بە شاری مەریوان دوای ئەوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە تەقەی لێکرا، گیانی لەدەست دا.

هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە تەقەیان لە ژمارەیەک لە کاسبکاران کرد و ئەمەش بووە هۆی کوژرانی ئەو هاووڵاتییە.

هەر لەو پێوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، لە نێوان خەڵکی شاری مەریوان و هێزەکانی ڕێژیم لە نەخۆشخانەی ''بوعەلی'' وەک نیشانەی ناڕەزایەتی بە کوشتنی سەیوان دەست ئەفکەن تێکهەڵچوون هاتە ئاراوە.

شایانی باسە کە ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٥خاکەلێوە ، دوو کاسبکاری دیکە بە ناوەکانی "مێهرداد عەبدوڵڵازادە" خەڵکی شاری سەردەشت و "ئومید سەعیدی" خەڵکی سنە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم لە سنوورەکانی سەردەشت و سەقز گیانیان لەدەست دا.