کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆشی و شادیی دەربڕینی خەڵکی ناوچەی بۆکان بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزب

15:46 - 8 خەرمانان 2722

تێکۆشەرانی ناوچەی "پیرمحەممەد"ـی سەر بە شاری بۆکان، بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزبی دێموکرات لەسەر لووتکەی کێوی "میرقاز"ی ئەو ناوچەیە، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، خۆشی و شادیی خۆیان دەربڕی. بەپیێ هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ٧ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، ئەندامان و دڵسۆزانی ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکرات، لە ناوچەی "پیرمحەممەد"ـی سەربە شاری بۆکان، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ئاگرکردنەوە لەسەر لووتکەی کێوی "میرقاز" و هەڵکردنی لۆگۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خۆشی و شادیی خۆیان بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزب دەربڕی و سوورن لەسەر ئەوەی کە درێژەدەری ڕێبازی حیزبی پێشەوا قازی محەممەد بن. لاوان و تێکۆشەرانی ناوچەی پیرمحەممەد لەسەر لووتکەی کێوی "میرقاز" کە لە ئاواییەکانی قوڵغەتەپە، کانییەڕەش، باخچە و سەرباخچەوە بە جوانی دیارە، بە مەشخەڵانی ئاگر و هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و لۆگۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتیان پیرۆز کرد و ڕایانگەیاند هیچ بەربەستێک نامانوەستێنێ و بەردەوامین لە داواکارییەکانمان بۆ دابینکردنی مافی ڕەوای خۆمان و لە جاران سووتر بە گژ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی داگیرکەر‌دا دەچینەوە.