کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: ئامانجی ڕێژیمی ئێران لە بەرنامەی ناوکیمان لەقاو داوە

15:54 - 8 خەرمانان 2722

بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیاری و سیخوڕیی ئیسرائیل (مووساد) دەڵێ بە جێبەجێکردنی چەندین عەمەڵیات لە نێوخۆی ئێران، ئامانجی ڕێژیمی ئێرانمان لە بەرنامەی ناوکی کە بەرهەمهێنان و دەسپێڕاگەیشتنی ئەو ڕێژیمە بە چەکی ناوکییە لەقاو داوە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی جێروزاڵم پۆست، یووسی کۆهێن، بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیارییەکانی ئیسرائیل (مووساد)، ڕۆژی دووشەممە ٧ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی نێونەتەوەییدا لە وڵاتی سویس لەسەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران وتی: ڕێژیمی ئێران لەگەڵ هەموو جیهان درۆی کردووە و کاتێک کە ئێمە هەزاران بەڵگەمان لە ئارشیڤەکانی ڕێژیمی ئێران هێناوە، ئەوەمان بە کۆمەڵگەی جیهانی سەلماندووە کە ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی وڵاتەکەی ڕاستییەکان بە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ناڵێت و دەیهەوێت پەرە بە بەرنامە ناوکییەکەی بەمەبەستی دەسپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی بدا. ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا بە ئاماژە بە تێرۆریستبوونی ڕێژیمی ئێران وتی: ئەو ڕێژیمە بەردەوام پشتیوانی لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان لە جیهان دەکا و هەموو گرووپە تێرۆریستییەکان هان دەدا کە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل. بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیارییەکانی ئیسرائیل لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ئێمە کۆمەڵگای جیهانی دڵنیا دەکەینەوە کە ئیسرائیل هەموو ڕێگایەک دەگرێتەبەر و ئیزن نادا کە ڕێژیمێکی تێرۆریستیی وەکوو ڕێژیمی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکی.