کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی بەغدا لانیکەم ٢٠ کوژراوی لێکەوتەوە

16:02 - 8 خەرمانان 2722

لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕۆیشتنی "سەدر" لە دنیای سیاسەت، هەزاران کەس لە لایەنگرانی ڕژاونەتە ناوچەی سەوزی "بەغدا" و لە بەرانبەر کۆشکی دەوڵەت دژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران دروشمیان داوە. لەو شەڕ و ئاڵۆزییانەدا لانیکەم ٢٠ کەس کوژران و ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون. "موقتەدا سەدر" ڕێبەری ڕەوتی سەدریش وتوویەتی کە هەتا کۆتایی بە توندوتیژییەکان نەهێنن مان لە خواردن دەگرم. هەروەها لەو ناوچەیە دەنگی تەقینەوەی چەند کاتیۆشا و خومپارە بیستراون. کاناڵی عەرەبیی "ئەلحەدەس"لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەتیی عێراق بڵاوی کردووەتەوە کە لەو شەڕ و پێکدادانانەدا لە ناوچەی سەوز، چەند مەئموور کوژراون. هاوکات لەگەڵ شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لە "بەغدا" نووسینگەی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە زۆربەی شارەکانی عێراق هێرشیان کرایە سەر. لەو پەیوەندییەدا سەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاندووە کە شەپۆلێک لە خەڵکی لای "بەغدا" و شارەکانی باشووری عێراق هەڵاتوونەتە هەرێمی کوردستان. هاوکات لەگەڵ ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونانە، "فواد حوسێن" وەزیری دەرەوەی عێراق چووەتە "تاران" و ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەوانە "ئیبراهیم ڕەئیسی و حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان" چاوپێکەوتنی هەبووە.