کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگادارییەک لەلایەن بەڕێوەبەریی ماڵپەڕی "کوردستان و کورد" و تەلەڤیزیۆنی "تیشک"ەوە

04:35 - 9 خەرمانان 2722

بەڕێوەبەریی "کوردستان و کورد"، ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئاگادارییەکدا خوێنەران و بینەرانی خۆی ئاگادار کردۆتەوە کە لەم کاتەوە نوێبوونەوەی ماڵپەڕەکە ڕادەگیرێ. لەو ئاگادارییەدا هاتوە کە خوێنەران، سەردانکەران و هۆگرانی "کوردستان و کورد" بۆ بەردەوامیی هاوکاری و پێوەندییەکانیان، ناردنی بابەت و هەروەها ئاگاداری لە سیاسەتی مێدیایی حیزبی دێموکرات سەردانی ماڵپەڕی کوردستان میدیا (www.kurdistanmedia.com)، ماڵپەڕی ڕەسمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بکەن. لە ئاگادارییەکی دیکەشدا بەڕێوەبەریی "تیشک"، تەلەڤیزیۆنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بینەرانی خۆی ئاگادار کردۆتەوە کە بڵاوبوونەوەی بەرنامەکانی ئەم تەلەڤیزیۆنە ڕادەگیرێ و بەردەنگەکانی تیشک لەمەودوا سیاسەت و بڵاوکراوەکانی حیزبی دێموکرات لە شاشەی "کوردکاناڵ"دا دەبینن و دەبیسن. شایانی باسە بەپێی ڕێککەوتنی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و لە پاش یەکگرتنەوە، تەلەڤیزیۆنی ڕەسمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران "کوردکاناڵ" و ماڵپەڕی ناوەندیی حیزب "کوردستان مێدیا" دەبێت.