کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی ناڕوونی دەستبەسەرکراوانی رێپێوانی پاڵپشتی لە کۆبانێ

20:40 - 26 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی شاری تاران کە لە رێپێوان و کۆبوونەوەکان بۆ پاڵپشتی لە کۆبانێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، هەروا ناڕوونە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە چارەنووسی ئاسۆ رۆستەمی و عەلی نووری، دوو هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی شاری تاران کە لە کۆبوونەوە و رێپێوانەکانی هاووڵاتییانی کوردی ئەو شارە بۆ پاڵپشتی و پشتیوانی لە کۆبانێ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، هیچ زانیارییەک لە بەر دەست‌دا نییە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئاسۆ رۆستەمی و عەلی نووری کە لە چالاکانی مافی منداڵان کارن، لە کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی کورد لە تاران کە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٦ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی بە مەبەستی پشتیوانی و پاڵپشتی لە کۆبانێ بەڕێوەچوو، دەستبەسەر و پاش تێپەڕبوونی ١٠ رۆژ هەروا چارەنووسیان ناڕوونە.

ئاسۆ رۆستەمی تەمەن ٢٨ ساڵ، شاعیر و مامۆستا و هەروەها عەلی نووری تەمەن ٢١ ساڵ، خوێندکاری ساڵی کۆتایی رشتەی مێعماری زانکۆی پەرەندی تارانە.

بە دەستپێکی کۆبوونەوە و رێپێوانەکانی هاووڵاتییانی کورد بە مەبەستی پاڵپشتی لە کۆبانێ، شەپۆلێک لە دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامییەوە دەستی پێکرد.

لەم شەپۆلەدا، لانیکەم ٥٠ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی مەریوان، بۆکان، مەهاباد، سنە، رەبەت و تاران دەستبەسەر کران و سەدان هاووڵاتیی کوردی دیکەش لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە بانگهێشت کراون.