کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵانیشی ئورمیە/ چوونە ژوورەوەی هێزە نیزامییەکان بۆناو ماڵی هاووڵاتییانی کورد و دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەک

19:02 - 24 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: هێزە بەسیجییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە خستنەژێر پێی هەریمی تاکەکەسی و بنەماڵەیی دانیشتوانی یەکێک لە گوندەکانی ئورمیە بە بیانووی بوونی دەزگای ماهوارە ماڵی دانیشتوانی ئەو گوندەیان پشکنی.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی شەپۆلی پشکنینی ماڵی هاووڵاتییانی کورد، بە بیانووی جۆراوجۆر وەک بوونی دەزگای ماهوارە، ماڵی دانیشتوانی گوندی باڵانیشی ئورمیەیان پشکنی.

بەپێی ئەم راپۆرتە، چوونە ژورەوەی هێزە نیزامییەکان بۆناو ماڵی هاووڵاتییانی کوردی دانیشتوی گوندی باڵانیشی ئورمیە، ناڕەزایەتی دانیشتوانی ئەم گوندەی بەدواوە بووە.

دەوترێت کە دەربڕینی نارەزایەتیی هاووڵاتییانی کوردی دانیشتوی گوندی باڵانیشی ئورمیە سەبارەت بەم کردەوەی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران، تێکهەڵچوونی نێوان هێزە نیزامییەکان و هاووڵاتییانی کوردی لێکەوتووتەوە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە ئاکامی تێکهەڵچوونی هێزە نیزامییەکان لەگەڵ دانیشتوانی ئەم گوندە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی جەماڵ لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

هاووڵاتییەکی ئاگادار بە هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: جەماڵ پاش چەند کاتژمێر لە دەستبەسەرکرانی بەدانی بارمتە ئازاد کراوە و هێزە نیزامییەکانی رێژیم هەتا درەنگانی شەو لەم ناوچەیە گەڕاون و فەزایەکی ئەمنییەتی بە سەر ناوچەکەدا داسەپابوو.

لە ماوەی رابردوودا و بە دەستپێکی شەپۆلی نوێ، ناوەندە نیزامییەکان و ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامی ئێران بە بیانووی ساختەکراو و بە شێوەی نایاسایی دەچنە ناو ماڵی هاووڵاتییان.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە گوندەکانی ناوچەی راژان و دەرەبانی هێزە ئینتزامییەکانی هەنگی سنووریی راژان و هێزەکانی سێ رێیانی راژانی رێژیمی ئێران ماوەی مانگێکە بە بیانووی بوونی چەکی نایاسایی و دەزگای ماهوارە بە رۆژ و شەو و بە بێ لەبەرچاوگرتنی کات، هێرش دەکەنە سەر گوندەکانی راژان و دەرەبانی و ماڵی هاووڵاتیان دەپشکنن.

هاووڵاتییەکی ئاگادار، لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردستان میدیای راگەیاند: ئەو هێزانەی رێژیم بە بیانووی دەستکرد و بە هاوکاریی خۆفرۆشان و بەسیجی گوندەکان دڕژێنە ناو ماڵی هاووڵاتیان.کوردستان یەکێک لەو ناوچانەیە کە رێژیمی ئێران تەرکیزی کردووەتە سەری و بەردەوام لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە میلیتاریزە کراوە و بەرپرسانی رێژیمی ئێران بەردەوام بە پارێزگا کوردنشینەکان روانگەیەکی ئەمنییەتییان هەیە.

بەپێی راپۆرتە گەیشتووەکان لە کوردستانی ئێران، هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران سەرەڕای دەستبەسەر کردن و سەرکوتی هاووڵاتییانی کورد، بەبێ لە بەر چاو گرتنی کات و موڵەتی یاسایی هێرش دەکەنە سەر ماڵی هاووڵاتییان و ناو ماڵییان دەپشکنن.

هەروەها چوونەژوورەوەی نایاسایی و بێ مۆڵەتی یاسایی بۆ ماڵی هاووڵاتیانی کورد لە کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان بە تایبەت هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە ماددەی ١٠٠ی یاسای پێداچوونەوەی سزادان باس لەوە دەکات کە پشکنینی ماڵی هاووڵاتیان بە رۆژ ئەنجام دەدرێت و لە کاتی شەودا ئەگەر پێویست بێت و بەپێی بڕیاری قازی دادگا ئەنجام دەدرێت.