کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوڕانەوە بە دەوری بازنەی هەڵدێردا

22:35 - 22 بانەمەڕ 2716

سابیر فەتاحی

دۆخی ناوچە و هەرەوەها جیهانیش تەواو بەپێچەوانەی لێکدانەوەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانیان لە حالی لەناو چووندایە،لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین ڕووداو هاتنە ئاراوە کە ئاکامەکەیان دەمانگەیەنێتە ئەم قەناعەتە کە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بەم زووانە مسۆگەرە. یەکێک لەو ڕووداوانەی کە ڕوانگەی منی لەمەر بەرەو هەڵدێر بردنی کۆماری ئیسلامی بەرەولای خۆی ڕاکێشاوە ئەوەیە کە ئامریکا ئەگەری دەستپێڕاگەیشتنی ئێرانی بە سیستمی ئابووریی ئەم وڵاتە ڕەد کردۆتەوە، هەر لەم پێوەندییەدا و بەپێی ڕاپۆرتەکان، وەلیۆڵڵای سەیف، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ڕێژیم کە بۆ بەشداری لە کۆبونەوەی بانکی جیهانی و سندوقی نێونەتەوەیی دراو سەردانی واشنگتۆنی کردبوو، لە چاوپێکەوتنێکدا بە جەک لو، وەزیری خەزێنەداریی ئامریکای ڕاگەیاندبوو کە بۆ هاندانی بانکە نێو نەتەوەیەکان و هەروەها ئاسانکاری بۆ دەسپێڕاگەیشتنی ئیران بە بنکە ماڵیەکانی ئامریکا، هەوڵەکانیان وەگەر بخەن، بەڵام وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ئەگەری دەسپێڕاگەیشتن بە سیستمی ماڵیی ئامریکا بەشێک لە بەرجام نیە و بۆیە ئەم داواکارییەی ڕێژیمی ڕەد کردەوە. حاڵەتی دووهەم بۆ سەلماندی ئەم بابەتە ئەوەیە کە ڕێکخراوی کۆنفڕانسی ئیسلامی بە تێکڕای دەنگ ڕێژیم و ڕێکخراوی تێرۆریستی حیزبوڵڵای مەحکوم کرد. لەم پێوەندییەدا و لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی ئەم کۆنفڕانسەدا کە لە ئیستانبۆل بەڕێوەچوو، دەستێوەردانەکانی ڕێژیم لە کار و باری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچە و هەروەها وڵاتانی ئەندامی ئەم ڕێكخراوە وەک وڵاتانی بەحرین، یەمەن، سووریە، سومالی و هەروەها درێژەی پشتیوانییەکانی ڕێژیم لە تیرۆریزمی بە توندترین شێوە مەحکووم کرد. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا ڕێکخراوی حیزبوڵڵاش بە هۆی تێکدانی ئارامیی وڵاتانی ناوچە مەحکووم کرابو. هەر بۆیە حەسەن ڕووحانی سەر کۆمار و جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، دوای گوێ لێ بوون لەم ڕاگەیەندراوە، هەر زۆر زوو شوێنی بەڕێوچوونی کۆنفڕانسەکەیان بەجێ هێشت. حاڵەتێکی دیکە دەتوانێت ئەوە بێت کە هەر وەک ئاگادارن قاسم سولەیمانی سەرۆکی سپای قۆدسی ڕێژیم لەم دوایانەدا سەردانی ڕووسیەی کرد و ئاماناج لە سەردانەکەی چاوپێکەوتن لەگەڵ فەرماندەرانی ئەرتەش و ڕێبەرانی ئەم وڵاتە ڕاگەیاند، تەنانەت ڕایگەیاندبوو کە بەتەمایە لە گەڵ پووتین سەرکۆماری ئەم وڵاتەش چاوپێکەوتن بکات، بەڵام کرێملین ڕایگەیاند کە پووتین وا بڕیار نیە کە لەگەڵ سولەیمانی چاوپێکەتن بکات، بەو شێوەیە داواکارییەکەی ئیران زۆر بە ڕوونی ڕەد کرایەوە و لە بەرانبەریشدا تەنانەت ڕاگەیەندرا کە وا بڕیارە بە زووترین کات پووتین لەگەڵ بێنیامین نتانیاهۆی سەرکۆماری ئیسرائیل چاوپێکەتن بکات. هەر بۆیە لە ١٨ی ئاوریلدا لە گەڵ هەیئەتێکی تێکەڵاو لە بەرپرسانی فلستین چاوپێکەوتنی کرد و چەند ڕۆژ دواتریش لە گەل نتانیاهۆی سەر کۆماری ئیسرائیل بە جیا چاوپێکەتنی کرد و لە بارەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان عەرەبەکان و ئیسرائیلییەکان و هەروەها دۆخی سووریە، ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد، ئەوە لە حاڵێکدایە لەمەر دۆخی سووریە، ئێران وڵاتی ڕووسیەی وەک هاوپەیمان چاو لێدەکرد، بەڵام چاوپێکەوتنی پووتین و نتانیاهۆ بە پێچەوانەی ئەوەی دەرخست. نا ئارامییەکانی ئێراق و لە سەرووی هەموان کۆنتڕۆلی پەرلەمانی ئەم وڵاتە لە لایەن لایەنگرانی ڕەوتی سەدر بە ڕێبەریی موقتەدا سەدر کە خۆی لە حەوزەی عیلمیەی قوم دەرسە ئاینییەکانی تەواو کردووە و پێدەچوو کە لە ئێران نیزیک بێ، بەڵام دروشمی دژە ئێرانی لایەنگرانی ئەم ڕەوتە شانسی ئیرانی لەم بوارەشدا لەم وڵاتەی کە وای بۆ دەچوو دەستێكی باڵای لە ناساقامگیری‌دا هەیە، کورت کردەوە. ئەگەرچی هەر زوو سەدر بانگێشتی تاران کرا کە وڵامدەری ئەم حەرەکەتە بێت، دەکرێت ئەمەش وەک یەکێک لە حاڵەتەکانی دیکەی بەرەو هەڵدێر چوونی ئێران بەئەژمار بێت. حاڵەتەکانی ئاماژە پێکراوی سەرەوە شکستی ئێرانی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی لە هەموو حاڵەتەکاندا بەدواوە بووە، بەڵام بۆ سەلماندنی بێ هێزیی ئێران لە نێو خۆی سنوورەکانی خۆشی، دەکرێت ئاماژە بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێو باڵەکانی نیزام لە بواری کاروباری بەڕێبەری و هەروەها دۆڕانە گەورەکەی شەڕەکەی شاری ڕەبەت کە لە لایەن هێزێکی کوردیی دژبەری ئەم دەسەڵاتە بەر جەستەی باڵی پارێزەری ئەم ویلایەتە! واتە سپای پاسداران کەوت، ئاماژە بکرێت. بەم شێوەیە کۆماری ئیسلامی هەم لەبارەی پرسە نێوخۆییەکان و بابەتەکانی پێوەندیدار بە ناوچە و هەروەها لە ئاستی جیهانیشدا زۆر بە توندی لە ژێر گوشاردایە، دەبێت چاوەڕوان بکەین کە ئایا کۆماری ئیسلامی دووبارە پیاڵەی ژەهر هەڵدەلووشێت و تووشی نەرمشێکی قارەمانانەی دیکە دەبێت، یان بەرگری هەڵدەبژێرێت! کە لە هەردووک حاڵەتدا ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە ئارادایە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە