کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازرگانیی دەرەکیی ئێران بەردەوامە لە داچۆڕین

22:46 - 9 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: ئاستی بازرگانیی دەرەکیی ئێران وەک چاوەڕوان دەکرا، لە ٢ مانگی ڕابردووشدا دیسان ڕەوتی پێچەوانەی پێواوە.

هەواڵدەریی حکوومەتیی تەسنیم ئاشکرای کردووە، لە مانگەکانی خاکەلێوە و بانەمەڕی ئەمساڵدا ڕێژەی بازرگانیی دەرەکیی ئێران، ١٢میلیارد دۆلار بووە، کە بە بەراورد لەگەڵ ٢ مانگی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، لە بواری بایەخەوە نیزیک بە ١٥% کەمی کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کەمبوونەوەی ئاماژە بۆکراو لە هەردووبەشی هەناردەکردن و هاوردەدا ڕووی داوە.

پێشتریش ناوەندی گۆمرۆکی ئێران ئاشکرای کردبوو کە لە ٣٠٠ ڕۆژی یەکەمی ساڵی ٩٤دا، زیاتر لە نیوەی ئامانجە ئابوورییەکانی دەوڵەت نەهاتبوونە دی و وەزارەتەکانی پێوەندیدار بۆ پۆزەتیڤ نیشان دانی چالاکییەکانیان، بە تایبەت لە کەرتی سەنعەت و پێترۆشیمی، دەستکاریی ئامارەکانیان کردبوو.

بە گشتی لە ساڵی ٩٤دا، ڕێژەی هەناردەکردن لە ئێران ١٦.١١% کەمی کرد و ڕێژەی هاوردەش ٢٣% کەمی کردبوو؛ ئەم ئامارانەش هاوکات لەگەڵ وادە و بەڵێنییە بەردەوامەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ هەر ڕۆژ باشترکردنی دۆخی ئابووریی ئێران دێنە ئاراوە.