کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی چالاکانی سیاسیی کورد و ئێرانی لەگەڵ هاوسەرۆکی فراکسیۆنی سەوزەکان لە پارڵمانی ئورووپا

17:01 - 27 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: بە مەبەستی داواکاری بۆ ئازادکرانی کەبوودوەند و سەرجەم زیندانیانی سیاسی لە ئێراندا، چەند چالاکی سیاسیی کورد و ئێرانی، سەردانی پارڵمانی ئورووپایان کرد و لەگەڵ فیلیپ لامبێرتس « Philippe Lamberts »، هاوسەرۆکی فراکسیۆنی سەوزەکانی پارڵمانی ئورووپا کۆبوونەوە و لەو دیدارەدا ڕاپۆرتێکی تایبەتیان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دوای هاتنە سەرکاری حەسەن ڕووحانی پێشکەش کرد.

ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، چەند چالاکی سیاسیی کورد و ئێرانی، پێکهاتوو لە کاوە ئاهەنگەری، ئەمجەد حوسێن‌پەناهی، کەژاڵ ئیلخانیزادە، ئەحمەد ڕەفعەت و ئەنوەر میرسەتاری سەردانی پارڵمانی ئورووپایان کرد و لەگەڵ فیلیپ لامبێرتس « Philippe Lamberts »، هاوسەرۆکی فراکسیۆنی سەوزەکانی پارڵمانی ئورووپا کوبوونەوە.

چالاکانی سیاسیی کورد و ئێرانی، سەرەتا ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ دوای هاتنە سەرکاری حەسەن ڕووحانی و بەتایبەتی باسی دۆخی محەممەد سدیق کەبوودوەند و زیندانیانی سیاسی دیکە کە مانیان لە خواردن گرتووە لە ئێراندا، پێشکەش بە « Philippe Lamberts » کرد. لەم دیدارەدا چالاکانی سیاسی داوایان لە جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی سەوزەکان لە پاڕڵمانی ئورووپا کرد لە ڕێگای فراکسیۆنەکەیان و کۆمیتەی مافی مرۆڤ لە پارڵمانی ئورووپا زەخت و گوشار بخەنە سەر ڕێژیمی ئێران بۆ ئازاد کرانی کەبوودوەند و زیندانیانی سیاسی کە بە ناحەق گیراون.

بەڕێز « Philippe Lamberts » بەڵێنی بە چالاکانی سیاسیی کورد و ئێرانی دا کە هەرچی زووتر هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ و لەگەڵ سەرۆکی پاڕڵمان و کۆمیتەی ماڤی مرۆڤی پارڵمان کۆدەبێتەوە و لە سەر بارودۆخی کەبوودوەند و زیندانیانی سیاسیی دیکەی مانگرتوو، تەواوی هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ.

لە درێژەی چالاکیی ئەو کۆمەڵە چالاکە سیاسییەدا، شاندەکە لە سمینارێکی تایبەت لە پاڕڵمانی ئورووپا بەشداریی کرد کە ناوەرۆکەکەی بۆ ئێرانی دوای دانووستاندنی ناوکی تەرخان کرابوو. لە سمینارەکەدا کۆمەڵێک باسی تایبەت بەو کێشانە خرانە بەر باس و گفتوگۆیەکی کراوە سەبارەت بە دۆخی دوای دانووستاندنی ناوکی لەگەڵ ئێران هاتوونەتە ئاراوە. ئەم چالاکە سیاسییانە لەم بوارەدا ڕا و بۆچوونی خۆیان و بارودۆخی ناڵەباری پێشێڵکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانیان خستە ڕوو.

15325.jpg