کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەزیم ئەلیاسی لە سەردان بۆ پارلمانی نۆروێژ باسی هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کرد

16:32 - 9 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: عەزیم ئەلیاسی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، لە سەردانی بۆ پارلمانی ئەو وڵاته، دوایین جموجۆڵەکانی حیزبی دێموکرات و هێرشی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی خستە بەر باس.

ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، عەزیم ئەلیاسی، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەردانی پارلمانی نۆروێژی کرد و لەگەڵ سڤەین ڕواڵد هانسن ئەندامی پارلمانی نۆروێژ لە سەر لیستی حیزبی کرێکاران و ئەندامی کۆمیتەی کاروباری دەرەوە و بەرگریی پارلمان، دیدارێکی پێکهێنا.

لەم دیدارەدا لایەنی نۆروێژی لە دوایین جموجۆڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێرشی سوپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و خەڵکی مەدەنی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور ئاگادار کرایەوە.

لەم پیوەندییەدا باس لە زەرورەتی حزووری کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکرات لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا و ئیشارە بە ئامانجە ئاشتیخوازانەکانی حیزبی دێموکرات بۆ چارەسەریی کێشەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کرا، کە لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە توندوتیژی وڵام دراوەتەوە.

هەر لەم بارەوە ئیشارە بە خۆنەپاراستنی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە تۆپبارانی خەڵکی سیڤیل لە هەر دوو بەشی کوردستان کرا کە تا ئێستا زیانی گیانیی و ماڵیی زۆری لێ کەوتووەتەوە.

لەم پێوەندییەدا، داوا لە لایەنی نۆروێژی کرا کە لە بەرانبەر دڕندەیی ڕێژیمی ئیسلامیدا بێ دەنگ نەبن و هەروەها لایەنی نۆروێژی لە ئەگەری هێرشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنەماڵەکانیان لە باشووری کوردستان ئاگادار کرایەوە و داوا کرا کە حیزبی کرێکارانی نۆروێژ لە نفووزی خۆی چ وەک نۆروێژ و چ لە ئاستی جیهانیدا بۆ گوشار خستنەسەر ڕێژیمی ئاخوندی کەڵک وەرگرن.

سڤەین ڕواڵد هانسن بەڵێنی ئەوەی دا کە بابەتەکان لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکان باس بکات.