کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە ترسی \"ڕاسان\" هەڕەشە لە خەڵک دەکات

15:20 - 24 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: پاش پێشوازی بەرینی خەڵکی کوردستان لە شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵات ناسراو بە ڕاسان و بێ ئاکام مانەوەی هەوڵە نەزۆکەکانی ڕێژیم بۆ بەلاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی کوردستان ئەمجارەیان ڕێژیم دەستەوداوێنی تێلێگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ لە چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم بە هاوکاری ئیدارەی موخابرات پەیامێکی گشتییان بۆ تێلێگرامی خەڵک ناردووە کە تێیدا نوسراوە ئێوە ئەو شتانەی بڵاوی دەکەنەوە لە دژی یاساکانی ئێرانە.

لە بەشێک لەم پەیامانەدا هەروەها نووسراوە دژایەتی کردنی شۆڕشی ئیسلامی بەدواداچوونی یاسایی بۆ دەکرێت.

هەر بەپێی ئەم هەواڵە مەئمورانی حەراسەت و لیباس شەخسییەکانی سەر بە دەزگای بەدانوی بەسیج لە کوردستان لە دەبیرستانەکاندا بە لاوەکانیان گوتوە هەمووتان لە ژێر چاوەدێریدان و دەبێ ئاگاتان لە خۆتان بێ کە لە تێلێگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شتی خراپ بڵاونەکەنەوە.

ئەم هەڕەشە و ترساندنانە بەتایبەت لە پاش ڕاگەیاندنی خەباتی شار و شاخ لە نەورۆزی ئەمساڵدا، دوای ئەوە دێت کە ڕێژیم لە ١٠ مانگی ڕابردوودا بە هەموو شێوازێک هەوڵی داوە خەڵک لە ڕاسانی ڕۆژهەڵات دڵسارد بکاتەوە بەڵام کاتێک دەبینێ کە هەوڵەکانی بێ ئەنجام ماونەتەوە ڕووی لە هەڕەشەکردن و ترساندنی خەڵک بەتایبەت لاوان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە.