کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوە جیهانییەکان، لەهەمبەر ئاژاوەگێڕییەکانی رێژیمی ئێران

15:59 - 30 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: کاردانەوە جیهانییەکان لەمەڕ ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردان و شەڕخوازییەکانی رێژیمی ئێران بەردەوامن و گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار.

لە ژووئیەی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی، ئەندامانی هەمیشەیی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بریتین لە: بریتانیا، چین، فەرانسە، رووسیە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و ئاڵمان بە مەبەستی پێشگیری لە دەست پێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی، رێککەوتنێکیان لەگەڵ ئێران واژۆ کرد و لە بەرانبەردا زۆرێک لە گەمارۆکانی سەر ئێران لابران.

هەڵگیرانی گەمارۆکانی سەر ئێران بووە هۆی ئەوەیکە پارە بلۆکە کراوەکانی ئێران ئازاد بکرێن و دەروازە جیهانییەکان بە ڕووی رێژیمی ئێران کرانەوە؛ هاوکات بەشداری رێژیمی ئێران لە شەڕ دژ بە داعش، دەستی ئەو رێژیمەی ئاوەڵاتر کرد لە بەهێزکردن، یارمەتیدان و پڕچەککردنی هاوپەیمانان و لایەنگرانی خۆی لە وڵاتانی دەورووبەرو لەو رووەوە ئەو رێژیمە توانیویەتی رۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە ناکۆکییەکانی ئەو وڵاتانە و بە قازانجی خۆی کەڵکیان لێوەرگرێت و ببێتە هەڕەشەیەکی راستەقینە لە بەرانبەر هێمنی و تەناهی ئەو وڵاتانە.

نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە شۆرای ئەمنییەت کردووە تا رێژیمی ئێران لەسەر بەرچاونەگرتن و پشتگوێ خستنی رێککەوتنی ناوکی، سزا بدات؛ حکوومەتی ترامپ ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کە هەوڵی ئاژاوەگێڕی و ناسەقامگیری لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات.

رۆژی سێشەممە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نسبەت تاوتوێ کردنی رێککەوتنی ناوکی ئێران، دانیشتنی تایبەتی هەبووە و لەو دانیشتنەدا نوێنەری ئامریکا وتوویەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە رۆژانی داهاتوودا، بژاردەی جۆراوجۆر بۆ گوشار خستنە سەر ئێران بە نیسبەت پێداچوونەوە بە هەڵسووکەوتەکانی، دەخاتە بەردەست ئەندامانی شورا.

نیکی هیلی، هەروەها لەو دانیشتنەدا ئاماژەی بە تاوتوێ کردنی گەمارۆی زیاتر دژ بە رێژیمی ئێران کردووە و داوای لێپرسینەوە و سزادانی سپای پاسدارانی کردووە؛ ناوبراو ئاماژەی بە هێرشی مووشەکی رۆژی سێشەممەی حوسییەکان بۆ سەر عەرەبستان داوە و وتوویەتی: ئاماژەکان دەریدەخەن کە لەو هێرەشەدا هەر وەک هێرشەکانی پێشووتر، رێژیمی ئێران دەستی هەبووە.

لەلایەکی دیکەشەوە، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کە هەوڵی ناسەقامگیر کردنی وڵاتانی ناوچە دەدات و بەردەوامە لەسەر پرۆژە و بەرنامەی مووشەکە بالستیکەکانی، کە بە پێی رێککەوتننامەی ٢٢٣١، پاش رێککەوتنی ناوکی، ئێران مافی تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک، کە توانایی هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکی هەبێت، نییە، بەڵام ئێران لەو ماوەیەدا چەندین تاقیکاری ئەنجام داوە و مووشەکە بالستیکەکانی خۆی داوە بە رێکخراوە شەڕخوازەکانی وەک حیزبووڵا و حوسییەکانی یەمەن، کە دژ بە سعوودیە و وڵاتانی دیکە کەڵکیان لێوەربگرن.

رۆژی پێنج شەممە، ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، پاشای سعوودیە، مەلیک سەلمان و دانڵد ترامپ پێوەندییەکی تەلەفۆنیان هەبووە و لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەیکە پێویستە بەهۆی هەڵسووکەوتە شەڕخوازانەکانی لە جیهان و ناردنی مووشەک و چەکوچۆڵ بۆ ملیشیا حوسیەکان و حیزبووڵای لوبنان بەخێرایی لێپرسینەوە لە رێژیمی ئێران بکرێت.

وتەبێژی فەرمی هاوپەیمانیەتی عەرەبیش ئەمڕۆ پێنچ شەممە ٣٠ی سەرماوەز، رایگەیاندووە: کە حوسییەکان تا ئێستا ٨٣ مووشەکی بالێستیکییان بەرەو عەرەبستان تەقاندووە؛ ئەو بە جەخت کردنەوە لە سەر مەترسی دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە ناوچە وتوویەتی: کۆمەڵگەی جیهانی لە مەترسی دەستێوەردانەکانی ئەو رێژیمە تێگەیشتووە.

نیکی هیلی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاشکرا وتوویەتی کە دبێ بە خێرایی پێش بە مووشەکەکانی رێژیمی ئێران کە لە لایەن حوسییەکانەوە بەرەو ریاز دەهاوێژرێن، بگیردرێت، ئەو هەروەها وتوویە، لە ئەگەری پێشگیری نەکردن لە هەڵسوکەوتەکانی رێژیمی ئێران، ئەو کردەوانە زیاتر دەبن.

نوێنەری یەکیەتیی ئۆرووپاش لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو بارەوە وتوویەتی: لەسەر پڕۆژەی ناوکی رێژیمی ئێران لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکرێت و داوای لە یەکیەتیی ئۆرووپا کردووە تا رێگەچارەیەک بۆ مەترسی مووشەکەکانی رێژیمی ئێران بدۆزێتەوە؛ وتوویشیەتی پێویستە ئاشتیخواز بوونی پرۆژەی ناوکی ئێران گەرەنتی بکریت.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان، زیگمار گابریەل، لە وتووێژێکدا کە رۆژی چوارشەممە، لە رۆژنامەی الشرق الاوسط بڵاو کراوەتەوە، وتوویەتی: وڵاتەکەی لەگەڵ ئامریکا لەسەر بەرەنگاربوونەوەی رۆڵی خراپی رێژیمی ئێران لە ناوچە هاوڕا و هاودەنگە؛ وتوویشیەتی: بێرلین و ریاز سەبارەت بە رۆڵگێڕانی خراپی تاران لە سیاسەتی دەرەکی خۆی و کاریگەری و رۆڵی حیزبووڵای لوبنان، هاوبیر و هاوڕان.

ڤێلادیمێر سافرۆنکۆف، جێگری نوێنەری رووسیەش لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویەتی: ئەوەیکە بۆ بەردەوامی رێککەوتنی بەرجام گرینگە، دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی هەڕەشە و گەمارۆ و کەڵک وەرگرتنە لە وتووێژ و تەکووزی کردنە لە سەر پەرەدان بە هاوکاری و متمانەی دوو لایەنەیە.

لە بەرانبەر ئەو هەڵویستە جیهانیانەی دژ بە دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران گیراونەتە بەر، فەرماندەی گشتی سپای پاسداران، محەممەد عەلی جەعفەری، رۆژی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی وتبووی: وەگەڕخستنەوەی خولی نوێی گەمارۆکان بە واتای چوونەدەرەوەی ئامریکایە لە رێککەوتنی بەرجام و ئەگەر ئەوە روو بدات، ئامریکا دەبێ تا ٢٠٠٠ کیلومتری ئێران هەموو بنکە و بارەگاکانی خۆی چۆڵ بکات و دوور بکەوێتەوە.

رێژیمی ئێران بە درێژایی ئەو ٣٩ ساڵەی تەمەنی خۆی، بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا، بە ئاستێک هێژمۆنی خۆی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاد کردووە، کە بووەتە یەکەمین هۆکار و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتانە و دەستی لە هەر جۆرە بشێوی و شەڕێکدا بەدیار دەکەوێت؛ ئەو رێژیمە ناتوانێ چاوپۆشی لەو بەرژەوەندییانەی خۆی بکات و لەو وڵاتانەدا بکشێتەوە و واز لە دەستێوەردانەکانی بێنێت؛ هەر بۆیە درێژەکیشانی ئەو سیاسەتانەی رێژیمی ئێران لە ناوچە، ئەگەری دروستبوونی هاوپەیمانیەتی جیهانی و هەڵگیرسانی شەڕ دژ بە لایەنگران و بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ناوچە و هەروەها وەگەڕخرانەوەی گەڕی نوێی گەمارۆکان بەدوادا دێت.

ئامادەکار: نەوید کەرەمی