کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەهدی کەڕووبی هۆشداری بە عەلی خامنەیی دا

21:19 - 10 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: مەهدی کەڕووبی ڕوو لە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران عەلی خامنەیی، وتوویەتی: کە نیزام ڕووی لە هەڵدێرە.

مەهدی کەڕووبی دوای ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران و درێژەی ئەو خۆپیشاندانانە لە نامەیەکدا ڕوو لە عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، نووسیویەتی: نیزام ڕووی لە هەڵدێرە و بە جێگای قسەکردن وەک ئۆپۆزسیۆن و ڕەخنە لە کەسانی دیکە بەرپرسایەتی سیاسەتی سێ دەیەی ڕابردوو وەئەستۆ بگره.

ناوبراو لەو نامەیەدا باسی لەوەش کردووە: نیزام لەو ڕۆژانەدا بە شێوەیەک ڕووی لە هەڵدێر کردووە، کە خەڵک لە زوڵم و گەندەڵی وەزاڵە هاتوون.

ئەو بەرپرسەی پێشووی ڕێژیمی ئێران، هەروەها داوای لە خامنەیی کردووە: پێش ئەوەی کە ڕووداوی دیکەی دڵتەزێن لە زیندانەکان ڕوو بدات، زیندانییەکان ئازاد بکات.

مەهدی کەڕووبی کە پێشتر سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم بووە، لە بەشێکی دیکەی ئەو نامەیەدا نووسیویەتی: لە بارەی لابردنی کەسەکان زۆرم بیستووە کە دەڵێن میزان حال افراد است، ئەگەر ئەو شرۆڤەیە ڕاست بێت و دەسەڵاتمان قەبووڵ بێت، دەبێ بڵێین کە ئێوە خۆتان لە هەموو کەس زیاتر دەسەڵات و بەرپرسایەتیتان هەیە.

کەڕووبی هەروەها هێرشی کردووەتە سەر ئەحمەد جەنتی سەرۆکی شۆرای نیگابان و ناوبراوی بە کەسێکی کەمزەین وەسف کردووە، کە ناوبراو بە ٢٥ ساڵ کار لەو شوێن و پێگەیە تەنیا گەمەی بە ئابڕووی خەڵک کردووە.

ئەو بەرپرسەی پێشووی ڕێژیم هەروەها هێرشی کردووەتە سەر سپای پاسداران و بەسیج و عەلی خامنەیی کە ئابووریی وڵاتیان لە ژێر دەستی خۆیان خستووە و وتوویە: ئەوەش سەرئەنجامەکەیە کە دەیبینین.

قسەکانی کەڕووبی لە کاتێک دایە، کە پێشنوێژی هەینی کاتیی تاران لە قسەکانی نوێژی هەینیدا وتبووی: ئینقلاب بەهرەی گەورەی خودایە و زاناترین ڕێبەری جیهان سەرجەم کێشەکانمان چارەسەر دەکات.