کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆتایی هاتنی دەورەی ٢٠٢ی سەرەتایی پێشمەرگە

17:57 - 10 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی کۆتایی دەورەی ٢٠٢ی سەرەتایی پێشمەرگە، لە فێرگەی سیاسی ــ نیزامیی حدک ئێران، بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٠ی بانەمەڕی ١٣٩١ی هەتاوی، رێوڕەسمی دەورەی ٢٠٢ی سەرەتایی پێشمەرگە لە فێرگەی سیاسی ــ نیزامیی حدک ئێران، بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی رێبەرایەتی، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان بەڕێوەچوو.
بڕگەی یەکەمی رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب دەستی پێکرد و دواتر بە رێژەی نیزامیی بەشداربوانی دەورەی ٢٠٢ی سەرەتایی پێشمەرگە درێژەی کێشا.
هەر لەو بڕگەیەدا و پاش رێژەی نیزامی، شەڕی سەرنێزە و بڕینی مەیدانی مەوانع، لەلایەن بەشدارانی دەورەوە ئەنجام درا.
لە بڕگەی دووهەمی رێوڕەسمەکەدا کەلە ساڵۆنی فێرگەی سیاسی ــ نیزامی بەڕێوەچوو، سەرەتا بەڕێز خالید دەرویژە ئەندامی راوێژکاری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد. ناوبراو لە قسەکانیدا تیشکی خستە سەر دێمۆکراتیزاسیۆنی وڵاتانی دیکتاتۆر لێدراو، سەرهەڵدان و رابوونی نەتەوە بندەستەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەقامگیر بوونی پرۆسەی دێمۆکراسی و لەرزۆک بوونی دەسەڵاتە سەرەڕۆکان لەهەمبەر ئیرادەی خەڵک و هەروەها ئاماژەی بە بەرین‌تر بوونەوەی سەفی دژبەرانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە نەبوونی ئازادی بەیان، سەرکوتی بێ‌بەزەییانەی جیابیران، پەرەسەندنی دیارەدە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان، جیاوازی دانان لە نێوان نەتەوە و ئایین و ئایین‌زاکان، هەڵاواردنی رەگەزی، خراپیی باری ئابووریی وڵات و ... هتد کرد و پەڕژایە سەر ئەوەش کە ئەمانە رووخانی دەسەڵاتی نگریسی رێژیم ئیسلامیی ئێران نزیکتر دەکاتەوە.
لە درێژەی رێوڕەسمەکەدا بەڕێز خالید سەفەریمامۆستای دەورە، راپۆرتی ئامووزشیی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگەی پێشکەش بە بەشداربوانی رێوڕەسمە کرد و پاشان پەیامی دەورە، لەلایەن یووسف قوربانی‌فەر بەشداربوویی دەورەوە خوێندرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا، بەپێی رەواڵی کاری فێرگە خەڵات بەسەر سەرکەوتوانی دەورە، کەلە ئاستی نێونجی نومرەی دەرسەکان و هەروەها نەزم و دیسیپلیندا باش بووە، دابەش کرا، کە لەلایەن بەڕێزان رەسووڵ محەممەدزادە ئەندامی راوێژکاری کۆمیتەی ناوندیی حیزب و عەبدولکەریم جەلالی بەرپرسی ناوەندی وەرگرتنی پێشمەرگەوە، خەڵاتەکان پێشکەش بە سەرکەوتوان کرا.
لە نێوئاخنی رێوڕەسمەکەدا چەندین گۆرانی لەلایەن محەممەد رەسووڵ ئەلیاسی، سامان وەیسی و کەوسەر مینبەری، بەشدارانی دەورەوە پێشکەش کرا.