کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیرین عێبادی: چاکسازی لە ڕێژیمی ئێراندا بێ‌کەڵکە!

13:16 - 18 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: براوەی خەڵاتی ئاشتی نوبێل پێی وایە خەڵکی ئێران بۆیان دەرکەوتووە نیزامی سیاسی لە ئێراندا چاکسازی تێدا ناکرێت.

شیرین عێبادی لە وتووێژێکدا لەگەڵ "پایگاە اینترنتی بلومبرگ"دا ڕایگەیاندووە: خەڵکی ئێران بەدوای "گۆڕینی نیزامی سیاسی" و "یاسای بنەڕەتی" ئەو وڵاتە و دانانی یاسایەکی بنەڕەتی"سێکولار" و "بەپێی جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤەوەن".

شیرین عێبادی چالاکی مافی مرۆڤ هەروەها ڕایگەیاندووە هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووە، کە حەسەن ڕوحانی "اصلاح‌طلب" بێت؛ ناوبراو هەروەها بە ئاماژە کردن بە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردووی ئێران لە نەبوونی ڕێبەری لە نارەزایەتییەکان ڕایگەیاند: لە ڕەوتی خەباتدا ڕێبەران دەردەکەون، کاتێک هەڵبژاردنی ئازاد لە ئێراندا هەبێت ڕێبەرانیش دەردەکەون.

پێشتریش، ناوبراو لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، خوازیاری بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە ئێران و دیاریکردنی جۆری حکوومەت بۆ ئەو وڵاتەو گۆڕینی ئاشتییانەی نیزامیی سیاسی لە ئێران بوون.

ئەو وەرگرەی خەڵاتی ئاشتی نوبێل پێشتریش لە وتووێژێکدا لەگەڵ"یورۆنیوز" ڕایگەیاندبوو، سەرکۆماری ئێران بەرپرسی زۆربەی هەرەزۆری ڕووداوەکانە کە لە ئێراندا روو دەدات.