کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێک لەسەر \'\'بارودۆخی لاوانی جیهان و دەستەبەربوونی ئاشتی\'\' لە ئیرلەند بەڕێوەچوو

20:26 - 16 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەکوو تاکە کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان لە سمینارێکی گرینگترین رێکخراوی حکوومەتی ئیرلەندا بەشداریی کرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٣ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، سمینارێک لەسەر \'\'بارودۆخی لاوان لە جیهان و دەستەبەر بوونی ئاشتی\'\' لەلایەن رێکخراوی \'\'فرۆیگا\'\' کە رێکخراوێکی تایبەت بە لاوانە، بەڕێوەچوو.
لەو سمینارەدا بەڕێز \'\'هەڵاڵە ئەحمەدی\'\' ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بانگهێشتنێکی فەرمیدا وەکوو تاکە لاوی کورد، بەشداری کرد و لە نێوئاخنی ئەو سمینارەدا چەند وتەیەکی پێشکەش بە بەشداران کرد.
ناوبراو لە وتەکانیدا تیشکی خستبووەسەر مێژووی کورد و کوردستان، دابەشبوونی کوردستان بەسەر بەسەر چوار وڵاتدا، شۆڕش و قوربانیدان و ئاوارە بوونی سەدان هەزار کورد لەپێناو گەیشتن بە مافەکانیاندا و لەسەر هاتنە سەرکاری رێژیمی ئیسلامیی ئێران و لە ئەنجامدا پێشێلکرانی ماف و ئازادیی کەمە نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان و بەتایبەت خەڵکی کوردستان، بۆ بەشداران دوا.
لەو سمینارەدا بەشداران لەسەر باس و بابەتەکانی بەڕێز ئەحمەدی سەرنج و پرسیاری خۆیان پێشکەش کرد و لەلایەن ناوبراوەوە وەڵام درانەوە.
رێکخراوی \'\'فرۆیگا\'\' یەکێک لە رێکخراوەکانی حکوومەتی ئیرلەندە کە بایەخێکی زۆر بە رۆڵ و پێشکەوتنی لاوان لە کۆمەڵگادا و رووداوە مێژوویی و سیاسییەکانی وڵاتانی جیهان دەدات.