کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێڕامانێک لە کتێبی \"سەفەری خەیاڵ\" (قادرئەلیاسی)

15:20 - 18 رەزبەر 2713

کتێبی سەفەری خەیاڵی کاک تەیفوور بەتحاییم خوێندەوە. ئەم کتێبە کەلە ٢٥٦ لاپەڕە پێکهاتووە و بە رێنووسێکی جوان لە چاپخانەی Bokarthus لە سوێد چاپ و بڵاو کراوەتەوە، دەکرێ دابەشی بکەین بەسەر سێ تەوەردا: ١ـ بیرەوەریی نووسەر ٢ـ ئەزموون و لێکدانەوەی رووداوەکان لە روانگەی نووسەرەوە ٣ـ دوای دەست نیشان کردنی هەڵە و کەموکۆڕییەکانی شۆڕشی کورد لە قۆناغە جیاوازەکان بە گشتی و قۆناغی دوای هانتە سەرکاری کۆماری ئیسلامی بە تایبەتی، رێگاچارەی دەرباز بوون لەو هەڵە چەن پاتکراوانە کە بە سەر کورد و دۆزەکەیدا هاتووە، دەخاتە بەر چاوی خوێنەر.
کاک تەیفوور لە خاڵی یەکەمدا باسی سەردەمی منداڵی خۆی و چۆنیەتیی شاری سنە و ژیانی خەڵکی لەو کاتەدا دەکا. دوای ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە زەمانی مەدرەسە و پاشان زانکۆ و چوونی بۆ تاران و ئاشنا بوونی لەگەڵ ژینگەی ئەوێدا، ئەو چالاکی و کەند و کۆسپانە دێنێتە بەرباس کە لەو کاتەدا تووشی بووە. لە کۆتایی ئەو بەشەدا ئاماژە بە هەڵە و چەوتییەکانی چالاکڤانانی دژی نیزامی پاشایەتی ئەو سەردەمە دەکا و دەڵێ: بە بێ ئەوەی ئەزموونێک، یان پلانێکیان بۆ رووخانی دوای رێژیمی پاشایەتی هەبێ، کۆماری ئیسلامی و \'\'خومەینی\'\'یان بە سەردا دەکەوێ. لەو قۆناغەشدا بە پیرەوەچوونی رووداوەکان دیسان بە بێ بەرنامە دێنێتە بەرباس. هەر بۆیە لە روانگەی نووسەرەوە، ئاخووندەکان توانییان ئەو دەرفەتە بە قازانجی خۆیان بقۆزنەوە. لە بەرامبەردا نەتەوەکانی ئێران بە گشتی و لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەتی نەیانتوانی رەوتی رووداوەکانی دوای رێژیمی رووخاوی پاشایەتی بگرنە دەست. لە ئاکامدا مایەپووچییان بۆ مایەوە.
لە خاڵی دووهەمدا، نووسەر ئەوەی پێوەندی بە کورد و بزاڤی رزگاریخوازی کوردەوە هەیە، بە هەڵسەنگاندنێکی ورد و کۆمەڵناسانە، وەکوو تاکێک ئەچێتە نێو رووداوەکان و پاش شیکردنەوەی ئامانجی ستراتیژی حیزبە کوردییەکان بە تایبەت حدکا و کۆمەڵە، رەخنەیان لێدەگرێ و بە هێنانەوەی کۆمەڵێک ئەرکی ئەو کاتە و گرتنە پێشی هەندێ رێوشوێنی هەڵە لەلایەن ئەو حیزبانەوە، رای جیاوازی خۆی دەست نیشان دەکا و پێی وایە نەدەبوو کورد و دۆزە رەواکەی بەو ئاقارەدا برابا.
هەر لە گەڵ ئەم قۆناغەدا، ئاماژە بە هەرێمی کوردستان و ئەو ئەزموونە دەکا و لەو بارەیەشەوە خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەو بەشەی کوردستان دەخاتە بەر باس و لێوردبوونەوە.
خاڵی کۆتایی ئەو کتێبە، دوای وردبوونەوەیەک لە ژیان و شێوەی بیرکردنەوەی کوردەکانی تاراوگە و پێداچوونەوەیەکی هەمەلایەنەی نووسەر بە سەر رووداوەکاندا، دیاری کردنی ئەو ئامانجەیە کە بە رای ئەو دەبوو کورد هەر لە سەرەتاوە بە روونی رایگەیاندبا. ئەویش دروشمی سەربەخۆیی کوردستانە.
خاڵێکی جێگای باس کە بە نەزەری من دەبوو لە کتێبەکەدا ئاماژەی پێکرابا، بەڵام بەرچاوم نەکەوت، ئەوەیە کە نووسەر لەو قۆناغانەدا چ هەڵەیەکی دەکەوێتە سەرشان؟ چونکە ئەو تەنیا تاکێکی کوردی ئاسایی بینەری رووداوەکان نەبووە، بەڵکوو بە یەکێک لە کەسە دیارەکانی ئەو شۆڕشە بە گشتی و ناوچەی سنە بە تایبەتی ئەژمێر کراوە. خەباتی سەردەمی پاشایەتی سیمایەکی ناسراوی لە نووسەر چ وەک چالاکێکی سیاسی لە زانکۆ و دواتر وەک زیندانییەکی سیاسی دروست کردبوو کە دەکرا رۆڵێکی زیاتری بۆ پێش خستنی بزووتنەوەی گەلەکەی هەبایە! لەم کتێبەدا ئەو باسە روون نەکراوەتەوە. واتە نازانرێ نووسەر ئەو وەختە لە گەڵ رێبەرانی حدکادا باسی ئەو رێگاچارانەی کردووە کە لە کتێبەکەیدا هێناویەتی؟ ئەی ئەگەر باسی کردووە، چ وەڵامێکی وەرگرتووە؟ تۆ بڵێی دواتر و لە درێژەی خەباتدا بەو ئاکامانە گەیشت بێ؟ وەڵامی ئەم خاڵە لە لایەن نووسەرەوە نەدراوەتەوە. ئەو تەنیا بە وردی لە سەر پێوەندی حدکا و رێکخراوی موجاهیدین و شوورای بەگری دەدوێ و وێڕای ئاماژە بەو سەردەمە، دەڵێ: بە د.قاسملووم وتووە، بەر لە ئیقدامی موجاهیدین، با بۆ خۆمان لە شوورا بچینە دەر. بەڵام دوکتور بە قسەی نەکردووم و ....
ویستم، لە باری زمانی نووسینەوە، بە کورتی کتێبی سەفەری خەیاڵ بە خوێنەر بناسێنم: نووسەر، جگە لە لێکدانەوەی رووداوەکان و هێنانە بەرباسی رێگاچارەی دۆزی کورد، بە زمانێکی تا بڵێی رەوانی کوردی، جار و بار تێکەڵ بە زاراوەی ئەردەڵانی کتێبەکەی نەخشاندووە. من وەک خوێنەرێک، هەم بە خوێندنەوەی کتێبەکە، شتی نوێ فێربووم و هەمیش هەستم بە رەوانبێژییەکی زمانی نووسەر کرد کە توانیویەتی بە کوردییەکی پاراو و بە دڵسۆزییەکی کوردانەوە ئاوڕ لە گەلەکەی و جووڵانەوەکەی بداتەوە.
سەرکەوتن بۆ کاک تەیفوور لە بوارەکانی ژیاندا دەخوازم و داوادەکەم لە خوێنەرانی ئەم دێڕانە، ئەو کتێبە لە بەر ناوەرۆکەکەی، بخوێننەوە. با ئەوەشم لە بیر نەچێ، ئەم کتێبە بە دوو زمانی کوردی و فارسی نووسراوە کە ئەوەی لە بەر دەستی من دایە، کوردییەکەیەتی.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە