کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: نەورۆز هێمای یەکگرتوویی و بەردەوامیی خەباتی هاوبەشی گەلانی ئێرانە

23:26 - 21 رەشەمه 2722

گەلانی ئازادیخوازی ئێران!

هاونیشتمانان و خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

نەورۆزی ئەمساڵمان نەورۆزی شۆڕشی ژینایە. نەورۆزی وەرزی نوێی خەباتی شێلگیرانەی گەلانی ئێران بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و کۆتایی‌هێنان بە دەسەڵاتی سیاسیی سەرەڕۆ لە ئێران. هاتنی ئەم نەورۆزە تایبەت و بەشکۆیە لە هەمووان پیرۆز بێت. لە پێشوازیی هاتنی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێی هەتاویشدا، سەرەتا سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی، بەتایبەت یاد و بیرەوەریی شەهیدان و گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا کە بە خوێنی ئاڵ و گەشیان و بە بەخشینی گیانی شیرینیان بوونە بڵێسەی مەشخەڵانی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکانی ئێران، بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی.

ئێمە لە حاڵێکدا بەرەوپیلی ساڵی نوێ دەچین کە خەڵکی ئێران ساڵێکی پڕ حەماسە و شانازییان بەڕێ کرد و بە شۆڕشی ژینا و ڕاپەڕینی بەرینی مافخوازانەیان، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییان بەرەوڕووی گەورەترین قەیرانی شەرعییەتی سیاسیی خۆی کرد. درێژەی سیاسەتی دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری نێوخۆیی و پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتانی ناوچە و پێمل‌نەبوونی ڕێژیم بە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، پشتیوانیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕووسیە و هاوبەشی لە شەڕی ئۆکڕاینیشی هاتە سەر و ئەوە وای کرد کە ئەو ڕێژیمە لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانیشدا زیاتر بکەوێتە پەراوێزەوە و گەمارۆی پتریشی بخرێتە سەر.

گەلانی ئازادیخوازی ئێران!

ڕاپەڕینی نوێی خەڵکی ئێران کە لە کوردستانەوە چەخماغەکەی لێ درا و دروشم و  بایەخە شۆڕشگێڕییەکانی لە کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران پەلی هاویشت و پشتیوانیی کۆمەڵگەی جیهانییشی بەدووی خۆیدا هێنا، لەلایەک ئاکامی پتر لە چوار دەیە سیاسەتی دژی‌گەلیی کۆماری ئیسلامی، سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی خەڵک، قەڵتوبڕ و خنکاندنی دەنگی جیابیران، کەڵەکەبوونی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و بەبارمتەگرتنی گەلانی ئێران بۆ مەرامە سیاسی و ئیدئۆلۆژییەکانی ڕێژیم و؛ هاوکات خۆڕاگری و خەباتی خەڵکانی خەباتکاری ئێران دژی ئەم دەسەڵاتە نگریسە و کۆڵنەدان و خۆبەدەستەوەنەدانی گەلانی ئێران و شێلگیرییان لەپێناو دەستەبەری ماف و ئازادییەکانیانە. لە سۆنگەی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی گەلانی ئێرانەوە ئەمڕۆکە ڕیزەکانی خەڵک لەدژی دەسەڵات یەکگر و پتەوتر لە هەموو کاتێکە و سەرەڕای سیاسەتی هەمیشەیی ڕێژیم لە نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی لەنێو گەلانی ئێراندا، هاوپێوەندی و هاوخەباتی نەتەوە و پێکهاتەکانی ئێران قۆناغ‌گەلی زۆرباشی بەرەوپێشەوە بڕیوە و؛ سەرکەوتن بە سەر کۆماری ئیسلامیدا و سەرخستنی ئەو خەباتە شکۆدارەش، هەر لەگرەوی تۆکمەترکردنی ئەو هاوخەباتی و هاوپێوەندییەدایە.

خەڵکی بەهەڵوێست و خۆڕاگری کوردستان!

گەلانی غەیرەکورد لە ئێران و بیروڕای گشتیی جیهان دەنگی خەباتی ڕەوا و بەرحەقی ئێوەی بیست. ئێوە کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا هەمیشە "نا"تان بە کۆماری ئیسلامی گوتووە و کوردستانتان بەدرێژایی تەمەنی ئەم ڕێژیمە کردووەتە مەتەرێزی خەبات و ئازادیخوازی.

ئێوە کە زۆرترین خوێنتان لەبەر ڕۆیشتووە و قورسترین تێچووتان بۆ پاراستنی ئاڵای خەبات و مافخوازی داوە. ئێوە کە پتر لە چوار دەیە بە توندترین شێوە کەوتوونەتە بەر تیغی سەرکوت، هەڵاواردن، پەراوێزخستن و شاڵاوی توانەوەی زمانی و کولتووری و، بە تۆمەتی بێ‌بنەما، سێرە لە مافویستی و شوناسخوازیتان گیراوە و بەرزە ئامانجە مرۆییەکانتان لەلایەن دەسەڵاتەوە چەواشە کراوە و بەراوەژوو پێشان دراوە. لە ڕووی ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە چەوسێندراونەتەوە و نیشتمانەکەتان میلتاریزە و بەئەمنییەتی کراوە، و حیزبە خەباتکارەکانتان کەوتوونەتە بەر هێرشی تێرۆریستی و مووشەک‌باران کراون. بەڵام سەرباری هەموو ئەوانە کورد کۆڵی نەداوە، خەباتی حیزبە سیاسییەکان و تێکۆشانی بەرهەڵست‌کارانە و مافخوازانەی مامۆستایان و فەرهەنگییەکان، خوێندکاران، ژنان، کرێکاران، چالاکانی ئەدەبی و مەدەنی، ژینگەپارێزان، زمان‌پارێزەکان و توێژە جۆراوجۆرەکانی دیکەی کۆمەڵگە بەردەوام پەرەیان ئەستاندووە. لە ئێستاشدا کە کۆماری ئیسلامی لە هەموو ڕەهەندەکاندا گەیوەتە بۆنبەست و تێپەڕین لەو ڕێژیمە خواستی سەرەکی و هاوبەشی هەموو گەلانی ئێرانە، کوردستان وەک هەمیشە ڕچەشکێن و ئاڵاهەڵگری ئەو خەباتە پیرۆزەیە.

لەو قۆناغە هەستیارەدا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران خۆڕاگری و خەباتی نەتەوەیی و مافخوازانەی خەڵکی کوردستان لەدژی کۆماری ئیسلامی بەرز دەنرخێنی و شانازی بەوەش دەکا کە خەڵکی کوردستان وێڕای خەبات و تێکۆشانی بێ‌وچان و شێلگیرانەیان لەدژی ڕێژیم، وەک قەڵایەکی پتەو لە پشتی حیزبەکانیان ماونەتەوە، دەنگی ئەوان لەسەر شەقام بوون و خاوەندارەتییان لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەیان کردوە. ناوەندی هاوکاری هاوکات دڵنیایە و باوەڕی وایە ئەم خەباتە مێژوویی، ڕەوا و بەرحەقەمان کاتێک سەر دەکەوێ کە یەکڕیزیی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان مسۆگەر و درزهەڵنەگر بێت. ئەوەش ئیرادە و هەست بە بەرپرسیارەتیی هەمەچەشنی لەلایەن هەمووانەوە دەوێت.

خەڵکی ئەرک‌وەخۆگری کوردستان!

ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان لە کوردستان بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو بە پەیام و درووشم و هێمای نەتەوەییەوە بەڕێوە چوون و ئەوەش نیشانەی بەرزیی ئاستی شعوور و وشیاریی نەتەوەیی و بەڕێکخراوبوونی کۆمەڵگەی کوردستانە. بۆیە ئەمساڵیش ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان لە ئاستێکی بەرینتردا، یەکگرتووانە و بە ناو و دروشم و هێمای تایبەتەوە، بەڕیوە دەبەین و دەیکەین بە دەرفەتێکی دی بۆ گەیاندنی کۆمەڵێک مانا و پەیامی نەتەوەیی و شوناسخوازانەی دیکەمان. ناوەندی هاوکاری بە پێداگرتن لەسەر یەکگری، یەکریزی و پێکەوەبوون لە هەموو ئاست و مەیدانەکاندا بەرەوپیلی ساڵێکی نوێ لە هاوخەباتی و تێکۆشانی سیاسی و نەتەوەیی هەنگاو دەنێت و دڵنیاشە خەڵکی کوردستان جامانە لەمل و هەوری لەسەر و، گوڵی سوور بەدەستەوە تابلۆیەکی جوانتر لە پێشوو لە ئیرادەگەریی نەتەوەیی خۆیان پێشان دەدەن. دڵنیاین بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان بە داگیرساندنی ئاگری نەورۆز لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵی کوردستان، مەشغەڵی خەبات بۆ ئازادی دەگرنە دەست و خەڵکی کوردستان هەمووان یەکگرتووانە بە گژ سیاسەتی دوژمنکارانەی ڕێژیمدا دەچینەوە و دەیسەلمێنینەوە وەک نەتەوەیەکی خەباتکار و نەسرەوتوو بۆ وەدستهێنانی ماف و ئازادییەکانمان بەردەوام و شێلگیرین.

نەورۆز لە هەمووان پیرۆز بێت.

- سڵاو لە شەهیدانی ڕێگای ئازادی

- سڵاو لە ئیرادەی زیندانیانی سیاسی

- سڵاو لە هاوخەباتی و یەکگریی گەلانی ئێران

- سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد

- سەرکەوێ خەباتی گەلانی ئێران بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

نەورۆزی ١٤٠٢ی هەتاوی