کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری منداڵ‌‌هاوسەری لە ئێران لە هەڵکشاندایە

12:42 - 3 بەفرانبار 2723

بە پشتبەستن بە ئامارە بڵاوکراوەکانی ڕێژیم، پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەنێو منداڵانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ ڕووی لە زیادبوونە.

''مەنسوور فەتحی''، یاریدەدەری کۆمەڵایەتیی ڕێژیم، بە ئاماژە بە زیادبوونی وازهێنانی منداڵان لە خوێندن و پرسی هاوسەرگیریی منداڵان لە شارە گەورەکانی ئێران وتی، لە ساڵی ١٣٩٦وە تا ساڵی ١٤٠١، لانیکەم ١٨٤هەزار کچی تەمەن خوار ١٥ ساڵ چوونەتە نێو پرۆسەی ژیانی هاوبەشەوە.

بەپێی ئەو ئامارانە، کۆی گشتیی ئەو کەسانەی لە ساڵی خوێندنی ١٣٩٤ هەتا ١٣٩٥ وازیان لە خوێندن هێناوە ٨٦٢ هەزار و ٧٧٧ کەس بووە و لە ساڵی خوێندنی  ١٤٠٠ هەتا ١٤٠١ بە ڕێژەی ٢٦ لەسەد زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٩١١ هەزار و ٢٧٢ کەس.

ئەو ئامارانە ئاماژەیان بەوەش داوە کە لە ساڵی ١٤٠١دا، هەزار و ٣٩٢ منداڵ لە دایکانی خوار تەمەنی ١٥ساڵ لە دایک بوون.

هاوسەرگیریی منداڵان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەزانرێت، بەتایبەتی هاوسەرگیرییەک کە دووگیانبوونی منداڵانی بە دواوە بێت، کە گیانی دایکەکە و کۆرپەکە دەخاتە مەترسییەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ئامارەکان باس لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵان دەکەن، عەلی خامنەیی بە بەردەوامی جەخت لەسەر جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی زیادکردنی ژمارەی دانیشتووان، منداڵبوون و هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمی کچاندا دەکاتەوە.

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەیە کە هاوسەرگیریی منداڵانی قەدەغە نەکردووە و کچ لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا دەتوانێت هاوسەرگیریی بکات.

شایەنی ئاماژەیە بەشێک لەو کەسانەی کە ساڵانە دەبنە قوربانیی ژنکوژییەکان، قوربانیی دیاردەی منداڵ‌هاوسەرین.