کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات: هێرش بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان مەحکووم دەکەین

11:11 - 26 بەفرانبار 2723

شەوی ٢٥ لەسەر ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی (١٥ لەسەر ١٦ی ژانوییەی ٢٠٢٤ی زایینی) چەند شوێنێکی سڤیل و مەدەنی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لەلایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کرانە ئامانج و مووشەکباران کران.

لە ئاکامی ئەم دەستدرێژییەی سپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی نوێنەرایەتی و دیپلۆماتکارانی بیانی و فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بەتایبەت ماڵی یەکێک لە کەسایەتییە سەرمایەدارەکانی باشووری کوردستان، بەداخەوە پێشڕەو دزەیی و چەند کەس لە بنەماڵەکەی شەهید و بە دەیان کەسی مەدەنیی دیکە بریندار بوون و زیانێکی زۆری ماددی بە هاووڵاتییانی نزیک لەو شوێنانە کەوتوە.

سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە دوایین ڕاگەیاندراویدا وێڕای وەئەستۆگرتنی بەرپرسایەتیی ئەم هێرشە تێرۆریستییە، تۆڵەکردنەوە لە بکەرانی تەقینەوەکانی کرمان و کوژرانی چەند مۆرەیەکی خۆی لە سووریەی کردووەتە پاساوی ئەم هێرشە تێرۆریستییە کە گوایا شوێنی بەئامانجکراو، شوێنی کۆبوونەوەی دەزگا سیخوڕییەکانی دژ بە ئێران بووە، کە ناوەندە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەم ئیدیعایەی سپا ڕەت دەکەنەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە خۆی قوربانیی دەستی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و ساڵێک پێش لە ئێستا و لە گەرمەی شۆڕشی ژینادا بنکە و بارەگاکانی لە لایەن سپای پاسدرانی ڕێژیمەوە کرانە ئامانج، ئەم هێرشە تێرۆریستییەی سپای پاسداران بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی باشووری کوردستان مەحکووم دەکات و هاوکات وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی ئەم کردەوە تێرۆریستییە، ئارەزوو دەکات بریندارەکان هەرچی زووتر چاک ببنەوە.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتی

٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی

١٦ی ژانوییەی ٢٠٢٤ی زایینی