کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ئاماری ئێران: لە ساڵی ڕابردوودا ٩٣٠ هەزار قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە

11:18 - 8 خاکەلێوه 2724

داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران دەریدەخەن کە لە ساڵی خوێندنی ١٤٠١-١٤٠٢دا نزیکەی ٩٣٠ هەزار منداڵ و مێرمنداڵ لە سەرتاسەری ئێراندا وازیان لە خوێندن هێناوە، و زۆربەی چالاکوانان و شارەزایان، هەژاری بە هۆکاری سەرەکیی وازهێنان لە خوێندن دەزانن.

ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خاکەلێوە ماڵپەڕی تجارەت نیووز، لە ڕاپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە داتا نوێیەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕایگەیاندووە کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی خوێندنی ڕابردوودا وازیان لە خوێندن هێناوە، ٩٢٩ هەزار و ٧٩٨ کەس بووە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە زۆرترین ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە ئاستی خوێندنی ناوەندیدا بووە، واتە تەمەنی نێوان ١٥ بۆ ١٧ ساڵ.

کۆی دانیشتووانی تەمەن ١٥بۆ  ١٧ ساڵ لە ئێران ٣ ملیۆن و ٥٥٢ هەزار و ٨٨٩ کەسە و لەو ژمارەیە ٥٥٦ هەزار و ٩٩٤ کەس وازیان لە خوێندن هێناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی تجارەت نیووز، نزیکەی ٩٨ هەزار کەس کە وازیان لە خوێندن هێناوە کوڕن و نزیکەی ٩٩ هەزاریشیان کچن.

ڕێکخراوی مامۆستایان و فەرهەنگیان لە دەستپێکی ساڵی خوێندندا لە پێوەندی لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی وازهێنان لە خوێندن لە ئێرانی هەبوونی چینایەتی و هەژاری و نادادپەروەری لە سیستمی خوێندنی ئێراندا ڕاگەیاند.