کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی پشتیوانیی خۆی لە حەماسی دووپات کردەوە

11:42 - 8 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی سێشەممە ٧ی خاکەلێوە عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی دەفتەری سیاسیی حەماس و شاندەکەی، پشتیوانیی خۆی بۆ حەماسی دووپات کردەوە.

خامنەیی لەم چاوپێکەوتنەدا خۆڕاگریی حەماسی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند کە ڕێژیم بۆ پشتیوانیکردن لەم گرووپە هیچ دوودڵییەکی نییە و نابێت.

ڕێژیمی ئێران گرووپە میلیشیاکانی خۆی لە ناوچەکە کە هێرشی تێرۆریستی ئەنجام ئەدەن بە هێزەکانی موقاومەت پێناسە دەکات.

لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا خامنەیی چالاکیی میدیایی و بانگەشەی فەلەستینییەکانی بە باشتر لە ئیسرائیل زانی و ڕایگەیاند کە دەبێت لەم بوارەدا بەرەو پێشتر بچن.

ئیسماعیل هەنییە ڕۆژێ پاش پەسەندی بڕیاڕنامەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە خۆی گەیاندە تاران و لەگەڵ ئەمیرعەبدوڵڵاهییان، وەزیری دەرەوەی ئێران وتووێژی کرد.

هەنییە لە یەکەمین لێدوانی پاش دانیشتنەکانی لە تاران پەسەندی بڕیاڕنامەی شۆرای ئەمنییەتی بە پەراوێزکەوتنی بێوێنەی ئیسرائیل لە قەڵەم دا و ڕایگەیاند کە چیتر ئەمریکاش ناتوانێت لە هەمبەر خواستی جیهاندا بوەستێتەوە.

مەبەستی هەنییە لە ڤێتۆنەکردنی بڕیاڕنامەکەی شۆرای ئەمنییەت لەلایەن ئەمریکاوەیە کە ڕۆژی دووشەممە سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە پەسەند کرا.

بڕیارنامەکە بە پێچەوانەی خواستی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاگربەست لە غەززە و ڕاگرتنی شەڕی بە ئازادکردنی بارمتەکانی ژێر دەستی حەماس، گرێ نەداوەتەوە.

بەرپرسی دەفتەری سیاسیی حەماس لە تاران سپاسی پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە خەڵکی فەلەستین و هەروەها گرووپی حەماس کردووە.

گرووپی حەماس کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی ماڵی و سەربازیی لێ دەکرێت، لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا لە هێرشێکی تێرۆریستی بۆ سەر ئیسرائیل ١٢٠٠ کەسی کوشت و ٢٣٥ کەسیش کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی و ژن و منداڵ بوونی بە بارمتە گرت.

بەرپرسانی ڕێژیم و خامنەیی پێشتر ڕەتیان کردووەتەوە کە دەستیان لەو هێرشەدا هەبووبێت بەڵام بەردەوام پشتیوانیی خۆیان و ڕێژیمەکەیان بۆ گرووپی حەماس دووپات کردووەتەوە کە لە لیستەی تێرۆری ئەمریکا و ئورووپادایە.