کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شاری بریزبێن

11:55 - 8 خاکەلێوه 2724

شەوی شەممە ٤ی خاکەلێوە(٢٣ی مارسی ٢٠٢٤)، لە شاری بریزبێنی ئوسترالیا  ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بە بەشداریی زۆربەی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران،  کوردانی هەموو پارچەکانی کوردستان و نەتەوە جیاوازەکانی ئێران و میوانانی ئوسترالیایی  بەبۆنەی هاتنی نەورۆز، بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەواییەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان پەیامی کۆمەڵەی کوردانی بریزبێن لەلایەن حەسەن سونبولییەوە پێشکەش کرا.

دواتر سێناتۆر پۆل سکار دۆستی حیزب لە ئوسترالیا لە حیزبی لیبراڵ ناشناڵ پارتی و بەرپرسی لێژنەی بەرگری و ئەمنییەت و ئەندامی لێژنەی سێنای ئوسترالیا پەیامێکی  پێشکەش کرد و پیرۆزبایی ئەم ڕۆژەی لە بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە کرد.

 ناوبراو لە قسەکانیدا وتی :یەکەم جار کوردەکانم لە کاتی بەشداریم لە خۆپێشاندانەکانی شاری بریزبێن دژی ڕێژیمی ئێستای ئێران چاو پێکەوت. وا بیر دەکەمەوە ئێوە هەمووتان بە جۆرێک لە ئێران و شوێنەکانی دیکەش مافەکانی مرۆڤ و مافە سەرەتاییەکانتان پێشێل کراوە.  پیرۆزباییتان لێ دەکەم بۆ ئەوەی بە دڵنییاییەوە دەنگی ئێوە دژی ڕێژیم بیسترا.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: من لە کۆبوونەوەکانمدا پشتیوانی لە کوردەکان دەکەم، نەتەنیا بۆ جێژن و خۆشی  بەڵکوو پشتیوانی دژی ئەو پێشێلکاریانەی کە دەرحەق بە کوردەکان دەکرێ، بە تایبەت ئەو پەراوێزخستنە سیاسی، مێژوویی و فەرهەنگییە و نەبوونی ئازادی و دێموکراسی  کە خراوەتە سەریان.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا هونەرمەند کانیوار و تیپی موسیقای ڕووناک کۆڕەکەیان ڕازاندەوە.