کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە

11:41 - 9 خاکەلێوه 2724

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە

 

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتیمانیان و ئەویندارانی ڕێبازی پڕشکۆی حیزبەکەی پێشەوا قازی

ڕێبەرایەتی و کادر و پێشمەرگە گیانلەسەردەستەکەی دێموکرات

بەبۆنەی ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ڕێبەری نەتەوەییمان پێشەوای هەمیشە زیندوو بەدەست فاشیزمی بنەماڵەی دیکتاتۆری پەهلەوی لە چوارچرای شاری شەهیدان شاری مەهاباد پایتەختی کۆماری کوردان،  لە ١٠ی خاکەڵێوەدا یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران، وەفادار بە ڕێبازی پێشەوامان بەڵێن و پەیمان نوێ دەکەینەوە تا وەدیهاتنی سەرجەم ئامانجەکانی ئەم کۆمارە شەهید کراوە درێژەدەر و پاڵپشتی دڵسۆزانەی حیزبەکەی پێشەوا قازی بین.

کۆماری کوردستان، موڵکی تایبەتی حیزبێکی دیاریکراو نەبوو، بەڵام حیزبی دێموکرات دامەزرێنەری کۆماری کوردستان بوو لەسەر دەستی گەورەپیاوی گەلەکەمان واتە ڕێبەری نەتەوەییمان پێشەوا قازی، هەربۆیە ئەرکە لە ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی ئەو ڕێبەرە مەزنەی نەتەوەییمان هاوخەمی لە گەڵ حیزبی پێشەوا و دامەزرێنەری کۆماری کوردستان بکەین و بەڵێنیان پێ بدەین ئێمەش ڕێبوارانی ئەم ڕێبازەین و پاڵپشتی هەمیشەیی ئێوەین.

پێشەوا قازی محەممەد بە شەهیدکرانی، چرای خەبات و شۆڕشی بەدژی داگیرکەر و خۆسەپێنەرانی کوردستانی بۆ هەموو لاوانی نیشتیمان هەڵگیرساند و ئێستاکەش بۆ گشت جیهان ئاشکرا بووە کە سێدارە نەیتوانی دەنگی ئازادیخوازی کورد کپ بکات و بینیمان لە نەورۆزی کوردان لە ساڵی ١٤٠٣ی هەتاویدا ڕێبوارانی ئەم ڕێبازە پڕشکۆیە چۆن یەکیەتی و مافویستیی خۆیان دەست لەناو دەست بە گوێچکەی کەڕی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان سریواند.

خوێنی بەناحەق ڕژاوی شەهید پێشەوا و هاوڕێیانی و هەموو شەهیدانی کوردستان ئەمڕۆکە بۆتە زەریایەک کە داگیرکەرانی تووشی هەراسانی و ترس و دڵەڕاوکێ کردووە بۆیە ئەرکە ئەم یەکیەتییە بپارێزین و کێشە و ململانێ حیزبی و ڕێکخراوەییەکانمان کۆتایی پێ بێنین و هەموومان ببین بە یەک سەنگەر و یەک باوەڕ بۆ ڕزگاریی کورد و کوردستان.

جارێکی تر سڵاو دەنێرین بۆ ڕۆحی هەمیشە زیندووی پێشەوای کورد قازی محەممەد و هاوڕێیانی و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان.

بڕووخێت کۆشکی زۆرداری و داگیرکاریی خاکی کوردان.

سەرکەوێت ڕێبازی پڕشکۆی کۆماری کوردستان.

 

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

٩ی خاکەلێوەی ساڵی

١٤٠٣ی هەتاوی