کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشنگتۆن بەهۆی هێرشی سایبێری بۆ سەر ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر چوار کەس

11:29 - 5 بانەمەڕ 2724

نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ٤ی بانەمەر ڕایگەیاند دوو شیرکەت و چوار کەسی سەر بە ناوەندی سایبێریی سپای پاسداران کە دەستیان لە چالاکیی تێکدەرانەی سایبێری دژی ئەمریکا هەبووە، تەحریم کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، عەلیڕەزا شەفیعی نەسەب، ڕەزا کازمیفەر، حوسێن محەممەد هاروونی و کەمیل بەرادەران سەلمانی، هەروەها دوو شیرکەتی مێهرسام ئەندێشەساز نیک و شیرکەتی دادە ئەفزاری ئارمان سەر بە سپای پاسدارانی خستووەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "ئەم کەسانە لە ڕێگەی عەمەلیاتی سایبێرییەوە زیاتر لە دەیان شیرکەت و دەزگای حکوومەتی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاماژە بەو سزا نوێیانە وتی: دەستوپێوەندییە سایبێرییەکانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشە لە ژیرخانە گرینگەکان، زیان گەیاندن بە شارۆمەندان و ئەمنییەتی ئەمریکا و شەریکەکانی دەکەن.

هاوکات وەزارەتی دادگوستەریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دادگای فیدراڵی مەنهەتەن بەڵگەنامەی لەسەر تاوانی ئەو چوار کەسە دەر کردووە.

بە وتەی سەرۆکی دادستانی باڵای ناوچەی باشووری نیویۆرک، تۆمەتباران هەڵاتوون و خەڵاتی ١٠ میلیۆن دۆلار بۆ ناساندن و دۆزینەوەی ئەو کەسانە تەرخان کراوە.