کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێشەممەکانی ''نا بۆ لەسێدارەدان'' لە زیندانەکانی ڕێژیم بەردەوامە

12:40 - 5 بانەمەڕ 2724

سێزدەهەمین مانگرتن لە خواردنی ڕۆژانی سێشەممەی نا بۆ لە سێدارەدانی زیندانییان لە ئێران بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سێشەممەکانی نا بۆ لەسیدارەدان و مانگرتن لە خواردن بۆ سێزدەهەمین حەفتە لەسەریەک درێژەی هەبوو.

لەم حەفتەیەدا زیندانییان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر زیادبوونی سێدارە و سەرکوت و هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵەی لەسێدارەدراوان مانیان لە خواردن گرت. زیندانییان لە دۆخێکدا مانیان گرتووە کە لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٦ زیندانی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دراون.

لە کاتێکدا مەحکومییەتە نێودەوڵەتییەکان بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران زیادی کردووە، بەڵام "کۆماری ئیسلامی" لەپێناو پێشگرتن لە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیی خەڵک بەردەوامە لە زیادکردنی سەرکوتەکانی لە کۆمەڵگادا.

ئەم مانگرتن لە خواردنە لە ڕۆژی سێشەممە ٩ی ڕێبندانی ساڵی ڕابردوودا، لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە لەسێدارەدانی زیندانییانی زیندانی قزلحسار دەستی پێکردووە و تا ئێستا هەموو سێشەممەیەک بەبێ پچڕان بەردەوام بووە.