کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدان بۆ تووماج ساڵحی

15:53 - 7 بانەمەڕ 2724

لە چەند حەوتووی ڕابردوو و پاش چڕبوونەوەی فشارەکان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ سەر بزووتنەوەی ژنان و ئەزیەت و ئازار و بێ ڕێزی بە ئەوان لە سەر شەقامەکان، بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەرچوونی حوکمی سزای لەسێدارەدان بۆ تووماج ساڵحی هونەرمەندی خەڵک خۆشەویست و خاوەن هەڵوێست، شەپۆلێک لە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی لە ئێران و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەڕێ خستووە.
دەرچوونی ئەم حوکمە ناڕەوایە بۆ تووماج ساڵحی لە کاتێکدایە کە پێشتر دیوانی باڵای وڵات،(دیوان عالی کشور) حوکمی پێشتری دادگای شۆڕشی ئیسفەهانی هەڵوەشاندبۆوە و تووماج دوای یەک ساڵ و ٢١ ڕۆژ لە زیندان بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو، بەڵام سەرلەنوێ پەروەندەکەی نێردرایەوە بۆ لقی یەکی دادگای ئیسفەهان و لەوێدا ئەمجارە حوکمی لە سێدارەدانیان بۆ تووماجی ساڵحی دەرکرد.
بێگومان ئەم حوکمە ناڕەوایە پێش هەموو شتێک نیشانەی ڕق و تووڕەیی لەڕاددەبەدەری کۆماری ئیسلامی لە خەڵکی وشیار و ڕاپەڕیوی ئێرانە و دەیانهەوێ بە پەنابردنەبەر سەرکوتی توند و تیژ وخوێناوی بۆ ماوەیەکی دیکە تەمەنی ڕێژیمەکەیان درێژ بکەنەوە. 
تووماجی ساڵحی یەکێک لە هونەرمەندە دەروەست و دەنگە دلێرەکانی بزووتنەوەی ژینایە کە هەر لە سەرەتاوە لەبەرەی خەڵکدا دەنگی ناڕەزایەتیی خۆی بە دژی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەرز کردەوە و بەتایبەتی پشتیوانی خۆی بۆ خەڵکی کوردستان دەربڕیبوو، بۆیە ئاوا کەوتە بەر ڕق و کینەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و دەیانهەوێ بەمجۆرە تۆڵەی لێبکەنەوە و سزای قورسی بدەن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای شەرمەزارکردنی دەرچوونی حوکمی ناڕەوای لە سێدارەدان لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ تووماج ساڵحی، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ناوەندە شوێندانەرە جیهانیەکان و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی و ئێرانی دەکا هەموو هەوڵی خۆیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم حوکمە ناڕەوایە و ڕزگارکردنی گیانی تووماجی ساڵحی بخەنە گەڕ.


ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٧ی بانەمەڕی ١٤٠٣