کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات یەکیان گرتەوە

01:29 - 31 گەلاوێژ 2722

دوای ١٦ ساڵ دابڕان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا و دوای بەئاکام‌گەیشتنی وتووێژەکانی نێوان ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان، دوولایەنی حیزبی دێموکرات یەکیان گرتەوە. ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٣٠ی گەلاوێژ لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا کە بە بەشداریی سەدان کادر و پێشمـەرگە و، کەسایەتییە سیاسییە دێرینەکانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو؛ حیزبە خۆشەویست و تێکۆشەرەکەی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکی گرتەوە. ڕێوڕەسمی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێ کرد. دوایە بەیاننامەی هاوبەشی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان لەلایەن خوشکە خەدیجە مەعزووری، ئەندامی ڕێبەری و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات خوێندرایەوە. لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا هاتبوو کە گومانی تێدا نییە کە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات، دەبێتە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ لە خەباتی ئەم حیزبە لەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەدژی هەر عەقڵییەتێکی ناوەندگەرا کە فرەنەتەوەبوونی ئێران و مافە نەتەوەییەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران ڕەت بکاتەوە. هەروەها هاندەر و ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببێتە هێزێکی شوێندانەری ئەوتۆ کە لە هەر ئاڵوگۆڕێکی سەرانسەریدا، حیسێبی تایبەتی بۆ بکرێت. ئەم یەکگرتنەوەیە پاڵپشت دەبێت بۆ پاراستن و بەهێزکردنی پرەنسیپە لەمێژینە و گرنگەکانی حیزب. بە دڵنیاییەوە ئەم ڕووداوە پیرۆزە دەبێتە هۆی گەشەکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. کەوتنەوە سەریەکی ئەو هەمووە سەرمایە مرۆیی و مەعنەوییە، پشت‌ئەستوور بە جێگە و پێگە و ئێعتبار و خۆشەویستیی کەم‌وێنەی حیزبی دێموکرات لەنێو خەڵکی کوردستان و، دڵگەرم بە  دەرس‌وەرگرتن و وشیاری و ئەزموونی دەوڵەمەند و فرەڕەهەندی ڕێبەری، کادرەکان و سەرجەم تێکۆشەرانی دێموکرات، زۆر دەرفەتی نوێ بۆ حیزبی دێموکرات دەخوڵقێنن. لەو ڕێوڕەسمەدا و دوای خوێندنەوەی بەیاننامەی هاوبەش، بەڵگەنامەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان لەنێو چەپڵەڕیزان و فرمێسکی شادی و دڵخۆشی ئامادەبوواندا لەلایەن بەڕێزان کاک مستەفا هیجری و کاک خالید عەزیزی‌یەوە ئیمزا کرا. کاک مستەفا هیجری لە وتارێکی کورت لەو ڕێوڕەسمەدا باسی لەوە کرد کە ئەم یەکگرتنەوە و یەکڕیزییە هەنگاوێکی بوێرانەیە بۆ وەرزێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشانی سیاسیی گەلەکەمان بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بەتایبەت لە قۆناغێکدا کە لە نێوخۆی وڵات ناڕەزایەتییەکان و خەباتی جەماوەریی چین و توێژە جۆراوجۆرەکان تەنگیان بە کۆماری هەڵچنیوە و لە دەرەوەی وڵاتیش ڕێژیم پتر لە هەموو کاتێک بێزراوە و لەسۆنگەی پاڵپشتیی لە تێرۆریزمی دەوڵەتی و هۆکاری ناسەقامگیریی ناوچەکە ئێعتبار و متمانەیەکی لە کۆمەڵگەی جیهانیدا نەماوە. بۆیە یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و یەکخستنەوەی وزەی خەباتگێڕیی ئەم حیزبە تێکۆشەرە هەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانێکی نوێ وەبەر خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد دەنێتەوە، هەم لە ئاستی سەراسەریدا شوێنی کاریگەری خۆی لە هاوپەیمانییەکانی نێو ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمدا دادەنێت. بەڕێزیان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستەسەر ئەو بابەتە کە دوای قۆناغی یەکبوونەمان، بە پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بە هیممەتی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبە تێکۆشەرەکەمان وەرزێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشانی حیزبەکەمان لەپێناو دەستەبەری مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێ‌دەکا و ئەو یەکگرتنەوەیە دڵنیایی ئەوە دەداتە خەڵکە مافخوازەکەمان کە حیزبەکەیان هەتا دواتروپکی سەرکەوتن لە سەنگەری بەرگری لە مافەکانی ئەواندا دەمێنێتەوە. لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا کاک خالید عەزیزی، پیرۆزبایی ئەو یەکگرتنەوەی لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە ئیلهامدەر و هەوێنی هەموو سەرکەوتنەکانی حیزب بوون و لە قۆناغە سەخت و ناخۆشەکانی خەبات و تێکۆشانی حیزبدا پشتی ڕۆڵەکانی خۆیان بەر نەداوە و بە هیممەت و توانای لەبن‌نەهاتوویان حیزبەکەیان هەستاندۆتەوە. بەڕێزیان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی زەروورەتەکانی یەک‌بوونەوە و پەیامەکانی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کرد و تیشکی خستە سەر ئەو بابەتە کە یەکگرتنەوە دەرفەت بۆ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست دەکا و هاوکات ئەرک و دەروەستیی زیاتر بۆ خەباتکارانی حیزبەکەمان دروست دەکا. هاوکات ئەو یەکگرتنەوەیە ئەو پەیامەش بە ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و ئێران، چالاکانی سیاسی و مەدەنی وخەباتکار لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات ئەودەدا کە سەرکەوتن بە سەر کۆماری ئیسلامیدا پێویستیی بە یەکگرتن و پتەوکردنی ڕیزەکانیان و هاوکاری و خەباتی هاوبەش هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو یەکگرتنەوەیە پشت‌قایمییەکی گرینگە بۆ پاراستن و بەهێزکردنی پرەنسیپە لەمێژینە و گرینگەکانی حیزبی دێموکرات. بە دڵنیاییەوە ئەم ڕووداوە مێژوویی و پیرۆزە بە پشتیوانیی لەبن‌نەهاتووی کۆمەڵانی کوردستان دەبێتە هۆی گەشەکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ڕێوڕەسمی وەسەریەک‌کەوتنەوەی ڕیزەکانی دێموکرات بە چەند سروود و ڕیزەگۆرانییەک و گەڕی شایی و شادیی بەشداران ڕازایەوە.