کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ بڕیاری ئیجرایی کردنی گەڕانەوەی تەحریمەکانی واژۆ کرد

11:39 - 16 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا:  سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بڕیاری ئیجرایی گەڕاندنەوەی تەحریمەکانی کۆماری ئیسلامی کە لە سێ ساڵ لەمەوپێشەوە هەڵپەسێردرابوون، واژۆ کرد.

کۆشکی سپی ڕۆژی دوشەممە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرای کرد کە پرێزیدێنت ترامپ پاش چەند مانگ چاوەڕوانی بڕیارەکەی واژۆ کرد کە بەهۆیەوە لە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژەوە واتە ئەمڕۆ دژ بە تاران جێبەجێ دەکرێن.

ئەم تەحریمانە بریتین لە: تەحریمەکانی پێوەندیدار بە کڕینی دۆلاری ئامریکا لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە، تەحریمەکانی پێوەندیدار بە بازرگانی ئێران لە بەرامبەر زێڕ یان ئاسنە پڕبایەخەکان، تەحریمی پێوەندیدار بە فرۆش و دابین کردنی گرافیت، ئالۆمنیۆم، پۆڵا و هەناردەکردنی نەرمەئامێرە سەنعەتییەکان، تەحریمی ئاڵووێری ڕیاڵ، تەحریمی کەرتی ماشینسازی.

 هاوکات کۆشکی سپی دەقی نامەی ترامپی بۆ سەرۆکی مەجلیسی نوێنەران و سێنای ئامریکا ناردووە و ئەرکداری کردوون بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە.

ئێران هەنووکە لە بارودۆخێکی سەخت و دژواری ئابووریدایە؛ بارودۆخێک کە تەنانەت زۆر سەختترە لە پێش بەرجام. بایەخی دۆلار چەند قات زیاتر بووە و کاریگەرییەکانی بەهۆی هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو زیاتر دەرکەوتووە و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی لێکەوتۆتەوە.