کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تایبەتمەندییە بەرزەکانی مرۆڤ (حوسێن نازدار)

14:10 - 10 سەرماوەز 2713

حوسێن نازدار

سروشت و بوونەوەران و ژیان پێوەندییەکی گەوهەری و پتەو و چالاکیان پێکەوە هەیە، ئەو پێوەندییە بۆ بەردەوام بوونی ژیانی بوونەوەران پێویستە، بۆ پاراستنی ئەو پێوەندییە و گەشە و درەوشانەوەی مرۆڤایەتی، پێویستە مرۆڤ ماف و ئەرک و تێکۆشانی مرۆڤانەی هەبێت.

تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ رێژەیین؛ پێویستیی ژیان، کار و ئەزموون، ئازادی، کات، شوێن، ژینگە، کەشوهەوا، بنەماڵه، کۆمەڵگا، کولتوور، پەوەر‌دە، زانست و تەکنۆلۆژی، ئایین، نەریت، بارودۆخ، سیستمی ‌سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتی، کاریگەریی گرینگیان لەسەر لایەنی ئەرێنی و نەرێنی تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ هەیە.

مرۆڤ بوونەوەرێکە که ‌جەستە، مێشک، ئەقل، زمان، هۆش و ئەندیشەی لە بوونەوەرانی دیکە پێگەیشتووتر و پێشکەوتووترە و به ‌پێی پێویستیی ژیان بەرە بەرە گەشەی کردووە و بۆتە بوونەوەرێکی قسەکەر.

مرۆڤ بەپێی سروشتی خۆی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیی خودئاگا، سیاسی، ئازاد و ئەقڵمەندە، خاوەنی هەست و سۆز و هۆش و ویژدانە، توانای گەشەکردنی هەیە، لایەنێکی کەسایەتییەکەی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی \'\'ئەقڵ و لۆژیک\'\' لایەکەی دیکەی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی \'\'هەست وسۆز\'\'ـەوە، ئەو تایبەتمەندییانە پێوەندیی زیندوویان لەگەڵ یەکتر هەیە و پێکەوە کەسایەتیی مرۆڤ تەواو دەکەن.

مرۆڤ بەگوێرەی سروشتی خۆی بۆنەوەرێکی ئازادە؛ خاوەنی رەهای جەستە و رۆحی خۆیەتی و مافی ژیان و ئاسایش و سەر‌بەخۆیی بڕیاردان و ئازادی لە هەڵبژاردنی جۆری بڕیاردانی هەیە، ئازادی لە سروشتی مرۆڤ دایە و پێوەندی بە خودی مرۆڤەوە هەیە، مرۆڤ و ئازادی هاوزای یەکترن، مرۆڤ بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی خولیای ئازادی بووە، مرۆڤ ئازادترین بوونەوەرە کە لە هەموو بوونەوەرانی دیکە زیاتر هەست بە بەرپرسایەتی دەکات.

مرۆڤ بوونەوەرێکی ئەقڵمەندە؛ ئەقڵ گرینگترین توانایە کە مرۆڤ بۆ سەربەخۆیی بوونی خۆی هەیەتی، ئەقڵ گەوهەری یاسای ژیانی مرۆڤە و چرایەکە بۆ رێنوێنی کردنی خواستەکان، واته رێنوێنی دەدا به ‌مرۆڤ کە چ بخوازێ و چ بڵێ و چ بنووسێ و چۆن هەڵسوکەوت بکات. توانای ئەقڵی مرۆڤ بەرامبەر بە زۆری و گەورەیی و جۆراوجۆریی زانیارییەکان سنووردارە.
مرۆڤ بەگوێرەی سروشتی خۆی بوونەوەرێکی خاوەن ئەندیشەیە؛ واتە خاوەنی بیر، بیرۆکە، بیرکردنەوه، گومان، ترس، خەم و نیگەرانی و هەروەها خاوەنی روانگە، تێڕامان، تێڕوانین، تێبینی، پرسیار، رەخنە، پێشنیار، راڤە، هەڵسەنگاندن، هەڵوێست و بڕیارە.

لەبەر ئەوەی مرۆڤ هەم خاوەن ئەقڵە و هۆشە و هەم بابەتی یاسایی‌یە و هەم یاسادانەرە، بەردەوام سنوورەکانی یاسای سروشت دەبەزێنێ، تەنانەت ئەو یاسایانەش دەگۆرێ کەخۆی دایناون.

مرۆڤ لە سەرەتای \'\'بوونیەوە\'\' هەتا هەنووکە قۆناغی جۆراوجۆری لە گۆڕان و گەشەکردن بڕیوە،لە ئێستا و داهاتووشدا بە بەردەوامی پێویستی بە گەشە و پێشکەو‌تن هەیە، لە جیهانی ئەمڕۆدا بەهۆی پێشکەوەتنی خێرای تەکنۆلۆژی زانیاری و پێوەندییەکان، گۆڕان و گەشەی خێرا بۆته پێویستی ژیان و خولیای مرۆڤ.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە