کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێچیرڤان بارزانی ئیدعای بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە توندی ڕەت دەکاتەوە

21:54 - 4 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک‌وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرەڕای ڕەتکردنەوەی ئیدعا و لێداونەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کرد کە لە ئێران زەمینەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە ڕێگای گفتوگۆوە بوونی نییە.

نێچیرڤان بارزانی، لە دیمانەیەکی تێلڤزیۆنی لەگەڵ صدای ئامریکا\'\'دا لە بارەی هەوڵی سعوودییە بۆ پشتگیری‌کردنی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و چاوپۆشیکردنی هەرێمی کوردستان لەو دۆخە، سەرەڕای ڕەت کردنەوەی ئەم هەوڵانە ڕایگەیاند: ئەو هەوڵانە لە ڕاستییەوە دوورن و سعودییە هاوشێوەی هەموو وڵاتانی دیکە کۆنسوڵخانەی هەیە و ئەو لە چوارچێوەی پرۆتۆکۆلی کۆنسوڵگەری کە لەگەڵ عێراقدا هەیەتی کار دەکات و هیچ جۆرە چالاکی تایبەت بە ڕاهێنانی سەربازی بۆ هیچ پارت و لایەنێکی نییە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کرد: هەرێمی کوردستان بۆ ئێران و تورکیه و پێشتریش بۆ سووریە جێی نیگەرانی نابێت بەڵکوو ئامڕازی جێگیرییە. ئێمە هەوڵ دەدەین کە هیچ جۆرە کێشەیەک بۆ وڵاتانی درواسێ دروست نەبێت.

نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە چالاکییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند کە زیادەڕەوی زۆر لە هەواڵەکاندا کراوە، چوونکه، ساڵی ڕابردوو پژاک چەند ئۆپەراسیۆنی ئەنجامداوە و چەند کەسی لە ئێران کوشتووە؟ بۆچی تەنانەت یەک جاریش لە لایەن بەرپرسێکی ئیرانی باسی لێوە نەکراوە؟.

هەروەها نێچیرڤان بارزانی، باسی لەوە کرد که حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چالاکی ئەنجامداوە و باسی لەوەش کرد کە جێی خۆیەتی لێرە سپاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە و لایەنەکانی دیکە بکەم کە زۆرجار بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانیان لەبەرچاو گرتووە و هەوڵیان داوە ئاسایشی هەرێم تێک نەدەن .

سەرۆک‌وەزیرانی هەرێمی کوردستان نیگەرانی لە لێدوانەکانی هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەربڕی و ڕایگەیاند: ئێمە سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە ئێران دەریکردوون نیگەرانین، ئێمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەستەیەکی هاوبەشمان هەیە و دەتوانین ئەو بابەتانە لەو دەستەیەدا بخەینە ڕوو و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە. ئێمە هەڕەشەکانی ئێران ڕەت دەکەینەوە و دەمانهەوێت گفتوگۆیان لەگەڵ ئەنجام بدەین، بێگومان سیاسەتی ئێمە ئەوە نییە کە لەخاکی هەرێمەوە هێرش بکرێتە سەر خاکی ئێران و کێشە بۆ ئێران دروست ببێت ، ئێران دراوسێیەکی گرینگە و دەمانەوێت پەیوەندییەکی دۆستانەمان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەبێت.

نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە: لە ئێران زەمینەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە ڕێگای گفتوگۆوە بوونی نییە و ئەگەر ئەو زەمینەیە بوونی هەبێت، ئەوا بێگومان ئێمە خۆشحاڵ دەبین بەوەی کە نێوەندگیری بکەین بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەین.

دەقی وتووێژەکەی نێچیرڤان بارزانی لەگەل بەشی فارسی صدای ئامریکا\'\'