کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراوەی فۆربێس: ڕێژیمی ئێران بە فڕۆکە چەکوچۆڵ بۆ سووریه دەنێرێت

23:06 - 7 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: دامەزراوەی فۆربێسی ئامریکایی، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە؛ ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای کۆمپانیای ماهان‌ئێیرەوە، چەکوچۆڵی سەربازی بۆ ڕێژێمی سووریه بەڕێ دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی فۆربێس، ڕێژیمی ئێران، لە ڕێگای کۆمپانیای ماهان‌ئێیرەوە، بە ژمارەی ساختەەوە گەشتی ئاسمانی بۆ سووریە ئەنجام دەدات، و لەو ڕێگایەوە چەکوچۆڵی سەربازی بۆ ڕێژیمی ئەسەد بەڕی دەکات.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ماهان، چەکوچۆڵی سەربازیی وڵاتەکەی بە نهێنی دەگوازێتەوە بۆ دەمێشق، و لەوێشەوە دەنێردرێن بۆ بەرەکانی جەنگی دژ بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریە.

ئەو دامەزراوەیە، هەروەها باسی لەوە کردووە کە؛ ڕێژیمی ئێران یەکەم وڵاتی جیهانه کە پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە لەپێوەندی لەگەڵ سپیکردنەوەی پارەشدا، یەکەم وڵاتە لە نێوان ١٤٩ وڵات‌دا.

ئەو دامەزراوەیە لەو ڕاپۆرتەی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە؛ کۆمپانیای ئیران‌ئێیر، بە ژمارەی ساختەی فڕێنی تاران ـ دەمێشق، کەرەستەی نیزامی لە فڕۆکەخانەی ئابادانەوە بۆ سووریه ڕەوانە دەکات.

لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە؛ ڕێژیمی ئێران بەرپرسی یەکەمه لە قەیرانی سووریەدا، و گەشتە ئاسمانیەکانی ئەو ڕێژیمە ڕۆڵێکی گرینگ لە هەناردەکردنی چەکوچۆڵ بۆ سووریه دەگێڕن.

وەزارەتی دارایی ئەمریكا كۆمپانیای ماهان ئێیری بە تۆمەتی پشتیوانی لە تیرۆریزم، خستۆتە لیستی گەمارۆكانەوە. ئەو گەمارۆیانە لە مانگی مارسی ٢٠١٦دا، درێژ كرانەوە بۆئەوەی پشتیوانانی دەرەكیی كۆمپانیاكەش لەخۆ بگرن.

پێشتریش ڕۆژنامەی ئاڵمانیی بیڵد، لە ڕاپۆرتێكی تێروتەسەلدا، باسی گواستنەوەی نایاسایی بەكرێگیراوانی كۆماری ئیسلامی لە لایەن كۆمپانیای فڕۆكەوانیی ماهان لە ئێران، عێراق و لوبنانەوە بەرەو سووریە، بە مەبەستی یارمەتیدانی ڕێژیمی ئەسەد دەكات.

ئەو ڕۆژنامەیە باس لەوە دەكات كە؛ سپای تیرۆریستیی پاسداران، لە ئاگۆستی ٢٠١٥ەوە، بە شێوەی بەردەوام چەكوچۆڵ و هێزی شەڕكەری لە عێراق، ئێران، و لوبنانەوە بۆ یارمەتیدانی ڕێژیمی ئەسەد، لەڕێی بەكارهێنانی فڕۆكەكانی ئەو كۆمپانیایەوە ڕەوانەی سووریە كردووە.

ئیمانۆئێل ئۆتۆلنگی شارەزای بواری فڕۆكەوانی، لە ڕێكخراوی ئەمریكایی فاوندێشێن فۆر دیۆنێس ئاف دێموكراسیس دەڵێ؛ گەشتی نهێنیی ئەو فڕۆكانە لە نەخشەی گەشتە ئاسمانییەكانی كۆمپانیای ماهان ئێیردا ڕاناگەیەندرێت.

لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سووریە، کە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە لە نێوان ڕێژیمی ئەسەد و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە دروست بووە، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاووڵاتی کوژراون و زیاتر لە ٥ میلیۆن هاووڵاتیی دیکەش ئاوارە بوونه، ڕێژیمی ئێران بە هەموو توانایەکیەوە بەرگری لە ڕێژێمی بەشار ئەسەد دەکات، و زیاتر لە هەزار چەکداری ئێرانییش لە شەڕەکانی سووریەدا کوژراون.