کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کردەوەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، ناڕەزایەتیی کۆمەڵگای جیهانی لێکەوتەوە

17:36 - 29 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: کردەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران، لە شەڕی دژ بە داعش لە کۆمەڵگای جیهانی و تەنانەت ناوخۆی عێراقیش ناڕەزایەتیی بەرینی لێکەوتەوە.

پاش سەردانی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان لەو ناوچانەی کە شەڕ تێیدا بەردەوامە، ڕاپۆرتێک لە سەر کردەوە نەشیاو و دوور لە پرنسیپە مرۆییەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بلاو کرایەوە.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەتا ئێستا چەندین ڕاپۆرتییان لەمەڕ دەربڕینی نیگەرانی لە سەر ئەم کردەوانەی حەشدی شەعبی بڵاو کردووەتەوە، کە هەموو ئەم ڕاپۆرتانە بە وێنە و فیلم بەڵگەمەند کراون.

لە یەکێک لەم فیلمانە کەسێکی سەر بە حەشدی شەعبی و گرووپی کەتائیبی ئیمام عەلی بە نازناوی ئەبوو ئیزرائیل و ناوی ڕاستی ئەیووب رەبیعی، تەرمی کوژراوێکی داعش بە دوای ماشینەکەیدا ڕادەکیشێت.

هەر لەم پێوەندییەدا راگەیەندراوە، کەسێکی دیکە بە ناوی ئەکبەر حەیدەری سەر بە حەشدی شەعبی لە گوندی ئەلحەزەر لە ڕۆژئاوای شاری نەینەوا، لە کورتە فیلمێکدا پاش حەتوویەک گۆڕی یەکێک لە کوژراوانی شەڕ هەڵدەکەنێت و سەری لە لاشەی جیا دەکاتەوە، ئەمە لە حاڵێکدایە، کە لە بەندی ٣٤ی پرۆتۆکولی کوانسیۆنەکانی ژنێڤ، پەسەند کراوی ١٩٤٩، لە سەر ڕێزگرتن لە گۆڕ و تەرمی کوژراوەکانی شەڕ جەخت کراوە و لادان لەم یاسایە بە جینایەتی شەڕ لە قەڵەم دەدرێت.

هەروەها پێویستە بوترێت: ماوەیەک پێش ئێستا لە چەندین وێنەی بڵاوکراوەدا، قاسم سلێمانی گەورە تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران و فەرماندەی سپای قودس لە نێو ئاپۆڕای ئەم گرووپە تێرۆریستییە دەرکەوتووە.

شایانی باسە ئەو کردەوانەی کە ئێستا حەشدی شەعبی و داعش لە کاتی شەڕدا ئەنجامی دەدەن، کردەوەیەکی تازە نین، بەڵکوو پێشتر ڕێژیمی ئێران لە کوردستان بەم شێوە سووکایەتی بە شۆڕشگێڕانی کورد و دژبەرانی خۆی کردووە و ئەم هەوڵە دژەئینسانییانەی حەشدی شەعبی بە ئۆلگوو وەرگرتن لە کۆماری ئیسلامی ئەنجام دەدرێت.