کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران تێچووی سەرسووڕهێنەر بۆ حیزبوڵڵا تەرخان دەکات

14:32 - 23 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، ڕێژیمی ئێران ساڵانە بڕی ٢٠٠ میلیۆن دۆلار بۆ گرووپی حیزبوڵڵا تەرخان دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، نیکی هێلی نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کردووە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ساڵانە ٢٠٠ میلیۆن دۆلار بۆ گرووپی حیزبوڵڵا تەرخان دەکات، کە بەو هۆیەوە خەڵکی ئێران بە بۆنەی گرانی و هەژاری بە دژی ئەو ڕێژیمە خۆپیشاندان دەکەن.

پێشتریش نوێنەری ئامریکا وتبووی: کە بەرجام ١٠٠ میلیارد دۆلاری لە داراییەکانی ئێرانی ئازاد کردووە، بەڵام ڕیژیمی ئیران ئەو بڕە پارەیەی بۆ پشتیوانیی لە گرووپە تێرۆریستییەکان بەکار دەهێنێت.

مانگی خەرمانانی ئەمساڵیش، ماڵپەڕی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە زاری وته‌بێژى ئەو وه‌زاره‌تەدا بڵاوی کردەوە، کە ڕێككه‌وتنه‌كه‌ى نێوان حیزبوڵڵاى لوبنان و داعش ‌ هه‌نگاوێكى مرۆڤانه‌یە.

قاسمى وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لەو بارەیەوە وتبووی کە گه‌مارۆدانى ژماره‌یه‌ک ئافره‌ت و منداڵ له‌ بیابانه‌كان له‌ لایه‌ن ئا‌مریكاییه‌كانه‌وه‌، هیچ به‌هایه‌كی سه‌ربازیی نییه‌.

حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبەری حیزبوڵڵا لە بارەی ئەم ڕێککەوتنە ڕایگەیاندبوو: شەڕ لە دژی داعش هەموو ئامانجەکانی پێکاوە و هەروەها وردەکاریی ڕێککەوتنەکەشی ئاشکرا کرد و وتی: شەڕی داعشمان ڕاگرت، چونکە ڕێککەوتنێکمان ئەنجام دا، ئێمە زوڵم ناکەین، لە پشتەوە خەنجەر لە کەس نادەین و کەس هەڵناخەڵەتێنین.

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لە بارەی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک ساڵانی ڕابردوو، هەروا بە توندی پشتگیریی لە لایەن و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان لە هەموو جیهاندا دەکات و تەنانەت پێگەی خۆی لە ئەفریقاش بەهێزتر کردووە.