کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێد کروز: لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بەرجام داین

21:29 - 5 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: سێناتۆر تێد کروز یەکێک لە سێناتۆرەکانی کۆنگرەی ئامریکا لەبارەی بەرجام ڕایگەیاندووە کە ئێمە لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بەرجام داین.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، تێد کروز، سێناتۆری کۆماریخوازەکان لە سێنای ئامریکادا لەبارەی ڕێککەوتنی بەرجام ئاشکرای کردووە: من زۆر گومانم لەوەدا هەیە لە حاڵێکدا سێنا کەڵێنێکی قووڵی تێدا هەیە بتوانێت شتێک پەسند بکات کە ڕێککەوتنی بەرجام بەهێزتر بکات، هەر بۆیە ئێمە بێ پسانەوە لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنە داین.

ئەو سێناتۆرە کۆماریخوازە هەروەها باسی لەوە کردووە بەرجام مەسەلەیەکی قووڵ لە سەردەمی هەڵبژاردنەکان دابووە و باسێکی زۆر سیاسی بوو. کاتێک که من بۆ سەرکۆماری ئامریکا پڕۆپاگەندام دەکرد، بەڵێنیم دا ڕێککەوتنی ناوکی بدڕێنم، ئیستاش لەو باوەڕە دام کە ئەوە کارێکی دروسته.

ناوبرا باسی لەوەش کردووە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ترامپ گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی ڕێژیمی ئێران درێژ کردەوە و ڕاشکاوانەش هۆشداری دا کە ئەمە دوایین دەرفەتە و دەبێ ئەو ڕێککەوتنە پێداچوونەوەی تێدا بکرێت دەنا یەک لایەنە هەڵیدەوەشێنینەوە.

کروز ئاشکرای کردووە کە هەڵوەشاندنەوەی بەرجام بە قازانجی ئەمنییەتی ئامریکایه و هەروەها جەختی کردووەتەوە کە دەبێ ڕێژیمی ئێران بڕووخێت.

سێناتۆر تێد کروز کە یەکێک لە سێناتۆرە کۆماریخوازانی ئامریکایی لە ویلایەتی تەگزاسە، پێشتریش جەختی کردبووە، ڕێژیمی ئێران سەرەکیترین پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهان دایه و گەورەترین هەڕەشەیە.

ئەو سێناتۆرەی کۆماریخوازەکان لە سەرەتاوە دژی دانوستان و ڕێککەوتنی بەرجام بووە و گوتبووی کە کاتی ئەوەیە کە لەگەڵ رێژیمی ئێران وەک دوژمن هەڵسوکەوت بکەین.