کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخشەی جوغرافیایی ــ سیاسیی هەرێمی کوردستانی سووریە بڵاو بووەوە

19:29 - 11 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: نەخشەی ناوچە کورنشینەکانی کوردستانی سووریە لەژێر ناوی هەرێمی کوردستانی سووریە لەلایەن ناوەندێکی توێژینەوە بڵاو کرایەوە.
سەنتەری توێژینەوەی یاسا کە ناوەندێکی کوردییە و بارەگاکەی لە شاری بۆن لە وڵاتی ئاڵمانە، نەخشەی جوغرافیایی هەرێمی کوردستانی سووریەی بڵاو کردەوە.
بەپێی ئەم نەخشە نوێیە، سنووری هەرێمی کوردستانی سووریە لە گوندی عەین عەواری سەربە شاری دیرک لە پارێزگای حەسەکە، لەو پەڕی باکووری رۆژهەڵاتی سووریەوە دەست پێ دەکات و بە درێژایی سنووری تورکیە هەتا باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە لە ناوچەی لیوای ئەسکەندەروون لەخۆ دەگرێت.
لەم نەخشەیەدا هەر کام لە شارەکانی دیرک، رمێلان، تۆربە سیبە، قامیشلوو، عاموودا، حەسەکە، سەری‌کانێ، کووبانی و عەفرین وەکوو شارە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستانی سووریە نیشان دراون و لەسەر پێکهاتەی نەتەوەیی ئەو شارانە روونکردنەوەی زیاتر لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی یاسا دراوە.
رووبەری ئەم هەرێمە لەلایەن ئەم ناوەندەوە دیاری نەکراوە و بڕیار وایە لە قۆناغێکی دیکەدا ئەو کارە بکات.
ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە بڵاوی کردووەتەوە رووبەری هەرێمی کوردستانی سووریە لە رووبەری وڵاتی لوبنان زیاترە.