کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٥ هاووڵاتی لە شاری بۆکان دەسبەسەر کران/ شار لە دۆخێکی ئەمنیەتی دایە

16:13 - 9 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: پاش پەرەسەندنی دیاردەی رفاندنی منداڵان و مانگرتنی بەرینی خەڵکی شاری بۆکان، دژکردەوەی رێژیم لەهەمبەر خەڵک توندوتۆڵ‌تر بۆتەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزی یگان ویژەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵک شاری بۆکان رژاونەتە نێو ئەو شارە و لە شەقام و کۆڵانەکانی ئەو شارە دەخولێنەوە و مانۆڕ لێ دەدەن.
بەگوێرەی وتەی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی بۆکان، هێزەکانی یگان ویژە لە شاری ورمێ و میاندواوەوە هاتوون و لە هەوڵی ئەوە دان بە چاوترسێن کردنی خەڵک، پێش بە بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانه‌کان بگرن.
لەلایەکی دیکەوەی نزیک بە ١٥ لاوی بۆکانی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئیدارەی ئیتیلاعاتەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی وتەی کۆمەڵێک شایەت‌حاڵی رووداوەکان، هێزە ئیتیلاعاتیەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری بۆکان لە خۆپیشاندانەکانی رۆژی 1ی بانه‌مه‌ڕ، لەسەر پردی گەڕەکی فرمانداری فیلمیان لە خەڵک هەڵگرتووە و پاش ناساندنی خۆپیشاندەران، دەسبەسەر یان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتیلاعات کراون.
هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا، هاوڵاتییەکی بۆکانی بەناوی عەلی پیرۆتی لەلایەن ئیدارەی ئیتیلاعاتەوە دەسبەسەر کرابوو و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، ناوەندە پێوەندیدارەکان هیچ زانییارییەکیان له‌و پێوه‌ندیه‌دا نەدرکاندووە.
لە ماوەی دوو حەوتووی رابردوودا هاووڵاتییان و چالاکانی شاری بۆکان لە دژی پەرەسەندنی دیارەدەی دزێوی رفاندن و خنکاندنی منداڵان و مێرمنداڵان، خۆپیشاندانیان وەڕێخستووە، کە ژنانی ئەو شارە لە ریزی پێشەوەی ئەو خۆپیشاندانانە بوون.
کۆمیتەی هاوئاهەنگیی مانگرتن و خۆپیشاندان لە دژی رفاندنی منداڵانی شاری بۆکان، رۆڵی سەرەکیی لە بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکانی شاری بۆکاندا گێڕاوە.
هەروەها قوتابخانەکانی بۆکانیش بە هۆی پەرەسەندنی ئەو دیاردە دزێوە، چەندین جار داخران و خەڵکی ئەو شارە نەیاندەوێرا منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە.
بەوتەی چالاکانی مافی مرۆڤ، شەوانە گرووپ‌گەلێکی چەقۆ بەدەست هەڕەشە لە هاووڵاتییانی شاری بۆکان دەکەن و هەتا ئێستا ئاماری ١٠ قوتابیی بۆکانی بڵاو بۆتەوە کە بوونەتە قوربانیی ئەو گرووپانە.
بەپێی هەواڵدەرییەکانی چالاکی بواری مافی مرۆڤ، هێزە ئیتیلاعاتییەکانی رێژیم، پاش خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی بۆکان، باوکی سومەیە، یەکێک لە قوربانیانی ئەوم دواییانەیان، دەسبەسەر و راپێچی ئیدارەی ئیتیلاعاتییان کردووە.