کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتی دووڕوویی

19:30 - 27 رێبەندان 2723

مەنسوور مروەتی

لە پەراوێزەکانی ڕێوڕەسمی حکوومەتیی ئەمساڵی ٢٢ی ڕێبەندان، دەرکەوتنی چەند ژنێک بە بێ‌حیجابی! بوو کە لە جێی خۆیدا جێگای هەڵوەستە لەسەرکردن و لە هەمان کاتدا دەرخەری سیاسەتی دووڕوویی ڕێژیم لە پێوەندی لەگەڵ بابەتی حیجاب‌دایە. هەڵبەت دووڕوویی لە هەموو پرسە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی کۆی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و تەنیا لە بابەتی حیجابدا نییە.

ئەزموونی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیم پێمان دەڵێ بۆ ئەوان بە وتەی خۆیان گرینگ پاراستنی نیزامەکەیانە و ئیتر گرینگ نییە لە دەرەوەی ئەو بابەتە چ ڕوو دەدا و چ بەسەر ژیان و چارەنوسی خەڵکدا دێ. بەڵام ئەوەی کە بابەتی ئەم وتارەیە پرسی حیجاب لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی و دووڕوویی ئەوان لە سەر پرسی حیجاب و بەتایبەت ڕووداوەکانی دوای شۆڕشی ژینایە کە لەبەر ڕووداوە تاڵ و کارەساتبارەکانی دنیا لێی ئاگادارە. کێ هەیە نەزانێ لە یەک‌ساڵ و نیوی ڕابردوودا دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی بە بیانووی بە وتەی خۆیان "بێ‌حیجابی" چ جینایەتگەلێکیان لە ئێراندا کە نەخوڵقاند. لەم یەک‌ساڵ و نیوەدا سەدان کیژ و کوڕی لاوی بێتاوانی ئەم وڵاتەیان لە زیندانەکان و لەسەر شەقامەکان خەڵتانی خوێن کرد و هەزاران کەسیان بریندار و کەم‌ئەندام و ئاوارە کرد. هەموو ئەمانە لە پاش ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران لە سەر کوشتنی بێ‌بەزەییانەی ژینای جوانەمەرگ لە تاران هاتە ئاراوە کە لەبەر دیاربوونی چەند تاڵەقژێکی هێزە مرۆڤکوژەکانی کۆماری ئیسلامی کوشتیان. ئەی ئێستا چی ڕووی داوە کە هاتنی ژنان بەبێ حیجاب بۆ ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندان و بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان هیچ کێشەیەکی تێدا نییە و ئیسلامەکەی ئەوان ناخاتە مەترسییەوە. بە وتەی دایکی ژینای جوانەمەرگ، "ئەی ئەگەر وایە بۆ کچەکەی منتان کوشت". لەوە زیاتر دەبێ لەبەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پرسیار بکرێ و بەو هیوایە بەم نزیکانەش موحاکمە بکرێن کە ئەگەر وایە بۆ ئەو هەزاران کچ و کوڕە لاوە بێ‌تاوانەتان دایە بەر دەسڕێژی چەکەکانتان و خەڵتانی خوێنتان کردن؟

دیارە شێوە جلوبەرگ لەبەرکردن مافێکی سروشتی و سەرەتایی هەموو مرۆڤێکە و بەپێی جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ هیچ کەس و دەسەڵاتێک مافی ئەوەی نییە لەو بارەوە ئەمر بەسەر خەڵکدا بکا. بەڵام ئەوەی لێرە بۆ خەڵک جێی پرسیارە و بە سەرسوڕمانەوە لێی دەڕوانن ئەوەیە کۆماری ئیسلامی بۆچی  و بە چ حەقێک بەو بیانوویەوە هەزاران بنەماڵەی کوردستانی و ئێرانیی جەرگسووتاو کرد و ئێستا چی ڕووی داوە کە کچان و ژنانێک کە گومانی تێدا نییە هەر لە مۆرەکانی خۆیانن ئا بەو شێوە جلوبەرگەوە دەنێرنە سەر شەقامەکان و هەر لە ئێستاشەوە چاوەڕێیانن کە بچنە سەر سندووقەکانی هەڵبژاردن؟

سێ حەوتوو پێشتر یەکێک لە بەرپرسانی سازمانی تەبلیغاتی ئیسلامی ڕێژیم گوتبووی، لە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەنداندا چەند کچێک بە شێوە پۆشینی جلوبەرگی جیاوازەوە و بەبێ حیجاب لە ڕێوڕەسمەکاندا دەردەکەون، و وتەبێژی شوڕای نیگابانیش هەر ئەوکات گوتی یاسا مافی دەنگدان لە بێ‌حیجابەکان وەرناگرێتەوە. ئەم قسانە لەڕاستیدا دیارە کە لە پێشدا پلانی بۆ داڕێژراوە و بۆ ڕاکێشانی خەڵك و بەتایبەتی ژنان بۆ ڕێوڕەسمەکانی بێ‌ڕەونەقی ٢٢ی ڕێبەندان و دواتر هێنانی ئەوان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدانە کە وا پێشبینی دەکرێ خەڵک ئەمساڵ تێکڕا بایکۆتی بکەن.

وەک باس کرا ئەوەی بەلای دەسەڵاتبەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە گرینگە پاراستنی ڕێژیمەکەیانە و لەو پێناوەشدا بۆ خۆیان بەڕەوا دەزانن کە چییان پێ خۆشە و چییان پێ باشە بیکەن. ئەوان لە ئێستادا باش لەوە تێگەییشتوون کە خەڵک بە هەموو وجوودەوە لێیان بێزارن و نە بەشداریی ڕێوڕەسمە بێ‌ناوەرۆکەکانیان دەکەن و نە لە ئێستاشدا بەتایبەتی بەشداریی هەڵبژاردنەکانیان دەکەن، بۆیە هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن و پەنا بۆ هەموو شێوازێک دەبەن کە خەڵک بهێننە سەر سندووقەکانی دەنگدان. دەنگدانێک کە تێدا تەنانەت کەسانی وەکوو سەرکۆماری پێشوو و سێ وەزیری ئیتڵاعاتی پێشوویان ڕەدی سەلاحیەت کردوە. واتە ئەمە هەڵبژاردنێک نییە کە خەڵک بتوانێ تێدا بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدا  و ئەو بابەتە هەرگیز بەلای ڕێژیمە نە مانای هەیە و نە گرینگیشە، بەڵکوو بۆ ڕێژیم گرینگ ئەوەیە خەڵک بکێشنە سەر سندووقەکان و ئەوە بکەنە بەڵگەیەک بۆ نیشاندان بە بیروڕای گشتی و تا لەو ڕێگایەوە بتوانن ئیدیعای هەبوونی مەشرووعیەتێک بکەن کە دەمێک ساڵە خەڵک لێی وەرگرتوونەتەوە.

بێگومان خەڵکی ئێران بەگشتی و ژنانی وشیار و خاوەن هەڵوێست بەتایبەتی ڕێگە نادەن کۆماری ئیسلامی ئەوان بکاتە ئامرازی سیاسەتە گڵاوەکانی خۆی، و ڕۆژێک بە بیانووی نادروستی حیجابەوە لەسەر شەقامەکان گوللە بەنێوچاوانیانەوە بنێت و ڕۆژێکیش بە فرت و فێڵ ڕاکێشی سەر سندووقەکانیان بکا. لە ١١ ڕەشەمەی ئەمساڵدا خەڵک بە تەحریمی هەڵبژاردنە درۆیینەکانی کۆماری ئیسلامی ئەو پەیامە بەهەموو لایەک دەگەیەنن.